"پەكەكە ئاگاداری ناوەڕۆكی دیدارەكانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر و دیمەشق نییە"

"بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر داوای جیابوونەوە لە سووریای نەكردووە"

K24 - ھەولێر

جەمیل بایك رایدەگەیەنێت، ئەوان نازانن چ پرسێك لەنێوان بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر و حكوومەتی سووریا تاوتوێ دەكرێت.

جەمیل بایك، ھاوسەرۆكی كۆنسەی بەرێوەبردنی كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) بە میدیاكانی حزبەكەی راگەیاندووە "ھیچ رۆژێك بەرێوەبەرایەتی خۆسەر داوای جیابوونەوە لە سووریای نەكردووە، ھەمیشە ویستوویانە لە چوارچێوەی سووریایەكی یەكگرتوو خەبات بكەن، بۆ ئەم مەبەستەش بەرێوەبەرایەتی خۆسەر لە دەستپێكەوە ویستی دانوستان لەگەڵ حكوومەتی سووریا بكات".

بایك، ئاماژە بەوەش دەكات، ئەوان ئاگاداری ناوەڕۆكی دانوستانەكانی نێوان حكوومەتی سووریا و بەرێوەبەرایەتی خۆسەر نین.

ئەمە لەكاتێكدایە دوای ھێرشەكانی توركیا بۆسەر رۆژئاوای كوردستان، رێككەوتنێك لەنێوان حكوومەتی سووریا و بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر واژۆ كرا، بەرپرسانی پەیەدەش رایدەگەیەنن، ئەو رێككەوتن سەربازییە و لەسەر ھیچ پرسێكی ئیداری و سیاسیی لەگەڵ دیمەشق رێكنەكەوتوون.

ھ.م