پۆمپییۆ سه‌مای عێراقییه‌كانی بۆ كوشتنی سوله‌یمانی بڵاوكرده‌وه
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا: عێراقییه‌كان بۆ نه‌مانی سوله‌یمانی سوپاسگوزارن

K24 - هه‌ولێر:
مایك پۆمپییۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، له تویته‌ره‌كه‌یه‌وه ڤیدیۆی ئاهه‌نگ و خۆشحاڵی عێراقییه‌كانی به كوژرانی قاسم سوله‌یمانی فه‌رمانداری فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسداران بڵاوده‌كاته‌وه كه له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكییه‌كانه‌وه له به‌غدا له‌گه‌ڵ ئه‌بومه‌هدی موهه‌ندیس، جێگری سه‌رۆكی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی و ژماره‌یه‌ك كه‌سی دیكه‌دا كوژران.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ ڤیدیۆكه‌دا نوسیوویه‌تی: "عێراقییه‌كان له شه‌قامه‌كان سه‌ما ده‌كه‌ن و سوپاسگوزارن به نه‌مانی جه‌نه‌راڵ قاسم سوله‌یمانی".
له ڤیدیۆكه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت كه به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ عێراقییه‌كان به ئاڵای وڵاته‌كه‌یانه‌وه به شه‌قامه‌كاندا ده‌سوڕێنه‌وه و به هه‌واڵی كوژرانی سوله‌یمانی و سه‌ركرده‌كانی دیكه‌ی حه‌شدی شه‌عبی دڵخۆشن.
Iraqis — Iraqis — dancing in the street for freedom; thankful that General Soleimani is no more. pic.twitter.com/huFcae3ap4
— Secretary Pompeo (@SecPompeo) January 3, 2020