" نرخی نەوت بۆ سەرووی 200 دۆلار بەرزدەبێتەوە"
زوبەیدی: بە هەڵگیرسانی جەنگ زیانی گەورە بەر ناوچەکە دەکەوێت
K24 - ھەولێر
باقر ئەلزوبەیدی، وەزیری پێشووتری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق و بەرپرس لە ئەنجوومەنی ئیسلامی باڵا رایگەیاند "دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی لە لایەن ئەمەریکاوە دۆخی ناوچەکە گرژی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت".
ئاماژەی بەوەداوە "ئەگەر جەنگ تەشەنە بکات ئەوا نرخی بەرمیلێک نەوت بۆ 200 دۆلار بەرزدەبێتەوە و گەشتیاری لە ناوچەکە نامێنێت، هاوکات ئابووری سێ وڵاتی کەنداو دووچاری داڕمانێکی سەخت دەبێت".
زوبەیدی، دەڵێت "بەهۆی هەڵوێستەکانی ئەمەریکا و ئێرانەوە دۆخی ناوچەکە بەرەو هەڵکشانێکی پێشبینی نەکراو دەڕوات، بۆیە پێویستە حکوومەتی عێراق بە زووترین کات نەوت لە رێگەی بەندەری جیهانی تورکیاوە هەناردە بکات و پەلە بکات لە دامەزراندنی بۆرییەکی گواستنەوەی نەوت کە توانای گواستنەوەی ملیۆنێک و 500 هەزار بەرمیلی هەبێت رۆژانە.
هەروەها دەشڵێت، دروستبوونی هەر گرژییەک لە گەرووەکانی هورموز و بابولمەندەب نرخی بەرمیلێک نەوت بۆ سەرووی 200 بۆ 250 دۆلار بەرزدەکاتەوە، بۆیە پێویستە عێراق لە هەناردەکردنی نەوت خۆی لەو گەرووانە بە دوور بگرێت.
ھ.م