گوتەبێژی سێنتکۆم: ئەو ژێردەریاییەی ئێران باسی دەکات کۆن بووە و لەکارکەوتووە

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە وەڵامی هەواڵی دەستبەسەرداگرتنی درۆنێکی ژێردەریایی لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە لە گەرووی هورمز، رایگەیاند، ئەو درۆنە بەهۆی کێشەی تەکنیکییەوە لەکارکەوتووە و هیچ ئامێر یان زانیارییەکی نهێنی و هەستیاری هەڵنەگرتووە.

سێشەممە 8ـی ئەیلوولی 2026، کاپتن تیم هۆکینز، گوتەبێژی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)، لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی "NewsNation" سەبارەت بەو راپۆرتانەی باس لە دەستبەسەرداگرتنی درۆنێکی ژێردەریایی خۆگەڕی ئەمریکی لەلایەن سوپای پاسدارانەوە لە گەرووی هورمز دەکەن، رایگەیاند: "درۆنێکی ژێردەریایی کە لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە کاری پێدەکرا، زیاتر لە رۆژێک لەمەوبەر دووچاری کێشەی تەکنیکی و لەکارکەوتن بووە."

گوتەبێژی سێنتکۆم روونی کردەوە، ئەو درۆنە سەرقاڵی رووپێوی و چاودێریی ئاوەکانی ناوچەکە بووە بۆ پشتیوانیکردن لە ئۆپەراسیۆنە بەردەوامەکان، و ئاماژەی بەوە کرد، ئەو ئامێرە تێکچووە مۆدێلێکی کۆن بووە، نە زانیاریی هەستیاری کۆکردووەتەوە و نە هیچ کەرەستەیەکی نهێنیی وەک سۆنار یان راداری تێدا بووە.

کاپتن تیم هۆکینز جەختی کردەوە کە سەرەڕای ئەو رووداوە، ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمریکا لە ئاوەکانی ناوچەکەدا بەردەوامن.

هاوکات بەرپرسێکی ئەمریکی بۆ ئاژانسی "ڕۆیتەرز"ی دووپاتی کردەوە، ئەو ژێردەریاییە بێسەرنشینە لەکارکەوتووە مۆدێلێکی کۆن بووە، و جەختی لەوە کردەوە کە هیچ کەرەستەیەکی نهێنیی تایبەت بە ڕاداری یان دەنگشەپۆلی (سۆنار) هەڵنەگرتووە.

ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەش کرد، کێشە تەکنیکییەکە زیاتر لە ڕۆژێک لەمەوبەر ڕوویداوە، بەبێ ئەوەی شوێنی دیاریکراوی ژێردەریاییەکە، جۆری کێشە تەکنیکییەکە یان دۆخی ئێستای ئاشکرا بکات.

هەر ئەمڕۆ هێزی دەریاییی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، لە میانی ئۆپەراسیۆنێکی هەواڵگریی ئاڵۆزدا لە بەرەبەیانی ئەمڕۆدا، توانیویانە دەست بەسەر یەکێک لە پێشکەوتووترین ژێردەریاییە زیرەک و بێسەرنشینەکانی سوپای ئەمریکادا بگرن.