زولفەقاری: بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دەکەینە ئامانج
قەرارگەی خاتەمولئەنبیا، هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی ئەمریکا کرد و رایگەیاند، لە ئەگەری هەر هێرشێک بۆ سەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی ئێران، هێزە چەکدارەکانمان بنکە سەربازییەکان و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەکەنە ئامانج
سێشەممە، 8ـی ئەیلوولی 2026، ئیبراهیم زولفەقاری، گوتەبێژی قەرارگەی خاتەمولئەنبیا، لە راگەیەنەراوێکدا ئاشکرای کرد، سوپای ئەمریکا هەڕەشەی بە ئامانجگرتنی سێ کەشتی نەوتهەڵگری ئێرانی کردووە.
هاوکات باسی لەوە کرد، لە ئەگەری هەر جۆرە دەستدرێژییەک بۆ سەر کەشتییە ئێرانییەکان، هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بنکە سەربازییەکان و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا بە توندی دەکەنە ئامانج.
ئەم هۆشدارییەی ئێران لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە ناوچەکەدا رووی لە هەڵکشان کردووە و تاران دووپاتی دەکاتەوە کە پاراستنی ئاسایشی نەوتهەڵگرەکانی هێڵی سوورە و هەر جووڵەیەکی سەربازیی ئەمریکا بەرانبەر کەشتییەکانیان، وەڵامێکی هاوشێوە و قورسی لێ دەکەوێتەوە.