عێراقچی: ئەمریکا لە پێناو ئیسرائیل شەڕی ئێرانی کرد و باجەکەی بۆ واشنتن کارەساتبار بوو
وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئەمریکا دوای 47 ساڵ لە سەپاندنی سزا، لە بری ئیسرائیل چووەتە نێو جەنگ لەگەڵ تاران، بەڵام لێکەوتەکانی ئەو هەنگاوە بۆ خودی ئەمریکا و پێگەی جیهانییەکەی کارەساتبار بووە.
سێشەممە 8ی ئەیلوولی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیامێکدا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) رەخنەی توندی لە سیاسەتەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گرت و ئاماژەی بەوە کرد، واشنتن دوای 47 ساڵ لە گەمارۆ و سزادان، لە جیاتی ئیسرائیل چووەتە نێو جەنگ لە دژی ئێران، بەڵام دەرەنجامەکانی زیانی گەورەی بە پێگەی ئەمریکا لەسەر ئاستی جیهاندا گەیاندووە.
وەزیری دەرەوەی ئێران لە درێژەی پەیامەکەیدا سەرنجی خستە سەر بێئەنجامیی هەنگاوەکانی واشنتن و نووسیویەتی: "ئەمریکا دوای ئەوەی نە لە رێگەی سزاکانەوە و نە لە رێگەی جەنگەوە نەیتوانی ئامانجەکانی بپێکێت، ئێستا چارەسەرە 'نوێیەکەی' واشنتن بریتییە لە سەپاندنی سزای زیاتر.
هەر ئەمڕۆ وەزارەتی گەنجینەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاشکرای کرد، بەمەبەستی بڕینی دەستی تاران لە بەکارهێنانی کەرتی فڕۆکەوانی بۆ مەرامی سەربازی، سزای نوێیان بەسەر نزیکەی 30 هێڵی ئاسمانیی نەفەرهەڵگری ئێران و تۆڕێکی نهێنیی پشتیوانی لە پێنج وڵاتی جیهاندا سەپاندووە.
هاوکات هێزی دەریاییی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، لە میانی ئۆپەراسیۆنێکی هەواڵگریی ئاڵۆزدا لە بەرەبەیانی ئەمڕۆدا، توانیویانە دەست بەسەر یەکێک لە پێشکەوتووترین ژێردەریاییە زیرەک و بێسەرنشینەکانی سوپای ئەمریکادا بگرن.