تره‌مپ: به‌م مه‌رجه ئاماده‌ین ئاشتی له‌گه‌ڵ ئێران رابگه‌یه‌نین
تره‌مپ وه‌ڵامی ئێران ده‌داته‌وه
K24 – هه‌ولێر:
سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا دۆناڵد تره‌مپ له وتارێكدا كه له كۆشكی سپی پێشكه‌شیكرد، وه‌ڵامی مووشه‌كبارانه‌كه‌ی ئێرانی دایه‌وه.
دۆناڵد تره‌مپ، له ده‌ستپێكی وتاره‌كه‌یدا هێرشیكرده سه‌ر قاسم سوله‌یمانی دواتر باسی له به‌هێزی سوپای ئه‌مه‌ریكا و ئابووری ئه‌مه‌ریكا كرد.
له‌و چوارچێوه‌یه‌دا تره‌مپ گوتی: "ئێمه به‌هێزین له رووی سه‌ربازی و ئابوورییه‌وه ئه‌مه باشترین پشتیوانییه بۆ ئێمه".
سه‌باره‌ت به داعش، تره‌مپ باسی له‌وه كرد، "داعش دوژمنی سرووشتی ئێران بوو، ئێمه له‌ناومان برد".
له‌و باره‌یه‌وه گوتی: "له چه‌ند مانگی رابردوودا له سه‌دا سه‌دی خه‌لافه‌ته‌كه‌ی داعشمان له‌ناو برد و سه‌ركرده دڕندهكهیمان كوشت، داعش دوژمنێكی سرووشتی ئێران بوو، له‌ناوچوونی داعش بۆ ئێران باش بوو، ده‌بوو به‌یه‌كه‌وه كارمان كردبا له‌سه‌ر ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییه هاوبه‌شانه‌مان".
له كۆتایی وتاره‌كه‌شیدا دووپاتیكرده‌وه، كه ئه‌مه‌ریكا ده‌ستی ئاشتی بۆ ئێران درێژ ده‌كات و گوتی: "له كۆتاییدا بۆ خه‌ڵك و سه‌ركرده‌كانی ئێران، ئێمه ده‌مانه‌وێت ئێوه داهاتوویه‌كی زۆرباشتان هه‌بێت و شیاوی ئێوه بێت و وه‌كو وڵاتانی دیكه خۆش بژین و ئه‌مه‌ریكا ئاماده‌یه ده‌ستی ئاشتی بۆ ئه‌وانه درێژ بكات كه ئاشتیان ده‌وێت".
پوخته‌ی وتاره‌كه‌ی تره‌مپ
خەڵکی ئەمه‌ریکا پێویستە یه‌كجار سوپاسگوزار و دڵخۆشبن چونكه لە هێرشەکەی شەوی رابردوودا کە لەلایەن ئێرانەوە ئەنجامدرا، هیچ كه‌سێكی ئه‌مه‌ریكی زیانی بەرنەکەوت، هەموو سەربازانمان سەلامەتن، تەنیا چەند زیانێکی بچووک بەر بنکە سەربازییەکانمان کەوتوون. وڵاتان چاویان پۆشیوه له كاره خراپه‌كانی ئێران. ئه‌و رۆژه كۆتایی هات، ئێران وڵاتی سپۆنسه‌ری تیرۆره. به دوای چه‌كی ئه‌تۆمیدا ده‌گه‌ڕێت. هه‌ڕه‌شه له جیهانی ئازاد ده‌كات.
هه‌فته‌ی رابردوو ئێمه توانیمان، تیرۆریستێك له ناو به‌رین، كه هه‌ڕه‌شه‌ی له ئه‌مه‌ریكییه‌كان ده‌كرد. به فه‌رمانی من بوو. سوپای ئه‌مه‌ریكا توانی سه‌كرده‌ی گه‌وره قاسم سوله‌یمانی له‌ناو به‌رێت. وه‌ك به‌رپرسی سوپای قودس. سوله‌یمانی به‌رپرس بوو له خراپترین كاره‌كان. ئه‌و راهێنانی به تیرۆریسته‌كان كردبوو. له‌ناویاندا حزبوڵڵا كه هێرش ده‌كاته سه‌ر خه‌ڵكی مه‌ده‌نی. ئه‌و ئاگری شه‌ڕی ناوخۆ له ناوچه‌كه‌دا درووست كرد. ئه‌و به هه‌زاران سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكیی كوشت و بریندار كرد، له رێگه‌ی چاندنی بۆمبه‌وه.
سوله‌یمانی فه‌رمانی كرد به هێرشه‌كان بۆ سه‌ر یه‌كه سه‌ربازییه‌كانمان. هه‌روه‌ها به‌رپرس بوو له هێرشه‌كان بۆ سه‌ر باڵیۆزخانه‌كه‌مان له به‌غدا. له چه‌ند رۆژی رابردوودا پلانی هێرشی نوێی داڕشتبوو، به‌ڵام ئێمه رامانگرت.
سوله‌یمانی ده‌ستی سووره به خوێنی خه‌ڵكی ئه‌مه‌ریكا و ئێرانییه‌كانیش. ئه‌و ده‌بوو زۆر له‌مه‌و پێش له‌ناو ببرێت. به له‌ناوبردنی قاسم سوله‌یمانی ئێمه په‌یامێكی به‌هێزمان نارد بۆ تیرۆریسته‌كان. ئه‌گه‌ر ئێوه به‌های ژیانی خۆتان ده‌زانن، ده‌بێت به‌ها بۆ خه‌ڵكی دیكه دابنێن. په‌یامێكمان بۆ ئێران ناردووه، كه ئێران به‌رده‌وامه و ئاماده‌ین بۆ ئه‌وه‌ی سزای زیاترتان به‌سه‌ردا بسه‌پێنین. ئه‌و سزایانه ده‌مێننه‌وه تا ئێران هه‌ڵسوكه‌وتی ده‌گۆڕێت.
له چه‌ند مانگی رابردوو ئێران هێرشیكرده سه‌ر ئاوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و سعوودییه و دوو درۆنی ئه‌مه‌ریكی خسته‌خواره‌وه. دوای رێككه‌وتنه خراپه‌كه‌ی 2015 خراپتر و توند‌وتیژتر بووه. ئێمه 150 ملیار دۆلارمان به كاش دایه‌وه ئێران، له باتی ئه‌وه‌ی ئێران پێمان بڵێ سوپاس، به‌ڵام درووشمی مه‌رگ بۆ ئه‌مه‌ریكا ده‌ڵێته‌وه. دوای رێككه‌وتنه‌كه ده‌نگی مه‌رگ بۆ ئه‌مه‌ریكا له ئێرانه‌وه دلێرتر بوو. ئێران ئه‌و پاره‌یه‌ی به‌كارهێنا بۆ درووستكردنی گرژی و كرده‌وه‌ی تیرۆریستی له یه‌مه‌ن، لوبنان، ئه‌فغانستان و عێراق.
ئه‌و مووشه‌كانه‌ی شه‌وی رابردوو ئاراسته‌ی ئێمه و هاوپه‌یمانه‌كانمان كرا، به‌و پاره‌یه كڕابوون، كه ئیداره‌ی پێشووی ئه‌مه‌ریكا (ئۆباما) دایه‌وه ئێران. كه 1500 كه‌سی ئێرانیشی له خۆپیشاندانه‌كاندا كوشتووه.
ئه‌و رێككه‌وتنه خراپه‌ی ئه‌تۆمی له كورتترین ماوه‌دا كۆتایی دێت و ده‌بێت كۆتایی بێت. ده‌بێت رێگه نه‌درێت ئێران ده‌ستی بگاته چه‌كی ئه‌تۆم. ده‌بێت ئێران واز له‌و خولیایه بهێنێت و واز له پشتیوانی تیرۆر بهێنێت. ئێستا كاتی هاتووه كه وڵاتانی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی و ئه‌ڵمانیا ئه‌و راستییه بزانن و دانی پێدا بنێن. ده‌بێت ئێستا دوور بكه‌ونه‌وه له رێككه‌وتنه‌كه‌ی ئێران. ده‌بێت پێكه‌وه كار بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی رێككه‌وتنێكیان له‌گه‌ڵ بكه‌ین، كه جیهان سه‌لامه‌تتر و ئارامتر بكات. ده‌بێت رێككه‌وتنێك بكرێت، ئێران بكاته وڵاتێكی ئاشتیخواز. ئێران ده‌كرێت بكرێته ئه‌و وڵاته كه ئاشتیخواز و سه‌قامگیر بێت.
به‌ڵام تا ئێران به‌رده‌وام بێت له تێكدانی ره‌وشی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ئه‌وه روونادات، ده‌بێت هه‌موومان په‌یامێكی گشتیگیر بنێرین بۆ ئێران و بڵێین چیدیكه ناكرێت و رێگه‌تان پێناده‌ین به‌و جۆره به‌رده‌وام بن.
ئه‌مڕۆ من پرسیار له ناتۆ ده‌كه‌م، كه زیاتر بچێته ناو خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست. له ماوه‌ی 3 ساڵی رابردوودا له ژێر سه‌ركردایه‌تی مندا ئابوورییه‌كه‌مان زۆر به‌هێز بووه و سه‌ربه‌خۆی وزه‌مان وه‌رگرتووه و ئه‌وه گۆڕانكارییه‌كی زۆر باشه و له پێشینه‌ی كاره‌كانی خۆمانه و پێشتر هیچ كات وا نه‌بووه. بژارده‌ی ئێمه زیاتر له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته. ئێمه یه‌كه‌م وڵاتین بۆ وه‌به‌رهێنانی گازی سرووشتی و نه‌وت و پێویستمان به نه‌وتی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست نییه و سوپای ئه‌مه‌ریكا له ژێر سه‌ركردایه‌تی مندا، بنیاتنراوه‌ته‌وه و 2 ملیار و نیو پاره‌ی تێدا خه‌رج كراوه. سوپای ئه‌مه‌ریكا له هه‌ر كات به‌هێزتره و مووشه‌كه‌كانمان گه‌وره و به‌هێز و ورد و خێران. ئێستا ئێمه مووشه‌كی سه‌رووی ده‌نگیشمان له ژێر درووستكردندایه. ئه‌م چه‌كه پێشكه‌وتووانه‌ی ئێمه هه‌مانه مانای وا نییه ئێمه به‌كاری ده‌هێنین و نامانه‌وێت به‌كاری بهێنێن.
ئێمه به‌هێزین له رووی سه‌ربازی و ئابوورییه‌وه ئه‌مه باشترین پشتیوانییه بۆ ئێمه. له چه‌ند مانگی رابردوودا له سه‌دا سه‌دی خه‌لافه‌ته‌كه‌ی داعشمان له‌ناو برد و سه‌ركرده دڕندهكهیمان كوشت، كه به‌رپرس بوو له كوشتنی خه‌ڵكێكی زۆر و سه‌ربڕینی موسڵمان و كریستیانه‌كان و ئه‌و بكوژ بوو. به‌غدادیی ده‌یویست خه‌لافه‌ته‌كه‌ی داعش درووست بكاته‌وه، به‌ڵام له‌ناو چوو، به ده‌یان هه‌زار چه‌كداری داعش كوژران و ده‌ستگیركران له ژێر سه‌ركردایه‌تی مندا. داعش دوژمنێكی سرووشتی ئێران بوو، ئه‌گه‌ر داعش له‌ناوچوو بۆ ئێران باش بوو، ده‌بوو به‌یه‌كه‌وه كارمان كردبا له‌سه‌ر ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییه هاوبه‌شانه‌مان.
له كۆتاییدا بۆ خه‌ڵك و سه‌ركرده‌كانی ئێران، ئێمه ده‌مانه‌وێت ئێوه داهاتوویه‌كی زۆرباشتان هه‌بێت و شیاوی ئێوه بن و وه‌كو وڵاتانی دیكه خۆش بژین و ئه‌مه‌ریكا ئاماده‌یه ده‌ستی ئاشتی بۆ ئه‌وانه درێژ بكات كه ئاشتیان ده‌وێت.