سبه‌ی هه‌سارۆچكه‌یه‌كی مه‌ترسیدار به نزیك زه‌ویدا تێده‌په‌ڕێت
ناسا كاته‌كه‌ش ئاشكرا ده‌كات
K24- هه‌ولێر:
ئاژانسی بۆشاییگه‌ری ئاسمانی ئه‌مه‌ریكی ناسراو به "ناسا" چاودێری هه‌سارۆچكه‌یه‌كی زه‌به‌لاح ده‌كات، كه پێشبینی ده‌كرێت سبه‌ی 10ی یه‌نایه‌ر به خێراییه‌كی زۆر له هه‌ساره‌كه‌مان نزیك ببێته‌وه.
ئاژانسه فهلهكناسییهكهی ئه‌مه‌ریكا ناوی ئه‌و ههسارۆچكهیان ناوه "2019 UO" و وه‌ك ئاماژه‌ی پێداوه، زۆر له هه‌ساره‌كه‌مان نزیك ده‌بێته‌وه.
ئه‌مه له‌كاتێكدایه، زانایان چاودێری ده‌یان هه‌زار هه‌سارۆچكه‌ی نزیك له زه‌وی ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی له ئه‌گه‌ری به‌ركه‌وتنیان به هه‌ساره‌كه‌مان ئاگادار بن، چونكه هه‌ر گۆڕانێكی بچووك له رێیڕهوی ئه‌و هه‌سارۆچكانه، ده‌كرێت كاره‌ساتێكی گه‌وره له‌سه‌ر زه‌وی درووست بكات.
وه‌ك راشگه‌یه‌ندراوه، درێژی هه‌سارۆچكه‌كه نزیكه‌ی 550 مه‌تره و به خێرایی 21 هه‌زار میل له كاتژمێرێكدا ده‌جووڵێت، پێشبینی ده‌كرێت له كاتژمێر 11:50 خوله‌كی شه‌و به كاتی گرینج بگاته نزیكترین خاڵی هه‌ساره‌ی زه‌وی.
به‌ڵام خۆشبه‌ختانه، ناسا گه‌یشتووه‌ته ئه‌و راستییه‌ی، كه نزیكترین خاڵی رێڕه‌وی ئه‌و گاشه‌به‌رده له زه‌وی ده‌كه‌وێته دووری 2.8 ملیۆن میل. ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه، هه‌ر ته‌نێك له 120 ملیۆن میل له زه‌وی نزیكتر ببێته‌وه، به ته‌نێكی نزیك له هه‌ساره‌ی زه‌وی داده‌نرێت.
سه‌رچاوه: زی سه‌ن
H.B