ئێران ورده‌كاری تێكشكانی فڕۆكه ئۆكرانییه‌كه ئاشكرا ده‌كات
دوای یه‌ك خوله‌ك و نیو له هه‌ڵفڕینی بزوێنه‌ره‌كه‌ی ئاگری گرتووه
K24 – هه‌ولێر:
سه‌رۆكی ده‌سته‌ی فڕۆكه‌وانی مه‌ده‌نی كۆماری ئیسلامی ئێران، عه‌لی عابدزاده، له كۆنفرانسێكی میدیایی، ره‌تیكرده‌وه، فڕۆكه ئۆكرانییه‌كه مووشه‌كی به‌ركه‌وتبێت و رایگه‌یاند، فڕۆكه‌وانه‌كانی ده‌یانویست بگه‌ڕێنه‌وه بۆ فڕۆكه‌خانه.
عابدزاده، گوتیشی: سندووقی ره‌شی فڕۆكه‌كه زیانی به‌ركه‌وتووه. داوای هاوكاریمان له رووسیا، فه‌ره‌نسا و كه‌نه‌دا كردووه بۆ ئه‌وه‌ی هاوكارمان بن له لێكۆڵینه‌وه‌كان.
هه‌روه‌ها داوای له كۆمپانیای "بۆینگ"یش كرد، هاوكاری ئێران بكات و به‌شداری له لێكۆڵینه‌وه‌كان بكات.
ئه‌و به‌رپرسه ئێرانییه، جه‌ختیكرده‌وه، ئه‌گه‌ر واشنتن و كه‌نه‌دا به‌ڵگه‌یان هه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی به مووشه‌ك خراوه‌ته خواره‌وه، با به‌ڵگه‌كانیان بخه‌نه‌ڕوو.
سه‌باره‌ت به بانگه‌شه‌كانی سه‌رۆك وه‌زیرانی كه‌نه‌دا، جه‌ستن ترۆدۆ و سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، دۆناڵد تره‌مپ، كه گوتبوویان: فڕۆكه‌كه به مووشه‌ك تێكشكاوه، عابدزاده گوتی: ئه‌وان شه‌ڕی ده‌روونی و پڕوپاگه‌نده له دژی ئێران ده‌كه‌ن بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئامانجی سیاسیانه‌ی خۆیان.

روونیشیكرده‌وه، فڕۆكه‌كه گرفتی ته‌كنیكی هه‌بووه. له فڕۆكه‌خانه چاككراوه‌ته‌وه. دوای چاككردنه‌وه‌ی هه‌ڵفڕیوه و دوای یه‌ك خوله‌ك و نیو ئاگر له بزوێنه‌ری فڕۆكه‌كه كه‌وتووه‌ته‌وه.
ئاشكراشیكرد، فڕۆكه‌وانه‌كه په‌یوه‌ندی به تاوه‌ری چاودێرییه‌وه كردووه و داوایكردووه یارمه‌تی بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێته‌وه. به‌ڵام په‌یوه‌ندییه‌كه‌ی پچڕاوه و دواتر فڕۆكه‌كه نزم بووه‌ته‌وه و خۆی كێشاوه به زه‌ویدا.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، ئه‌مڕۆ تیمێكی لێكۆڵه‌ری ئۆكرانیا ده‌گه‌نه تاران بۆ به‌شداریكردن له لێكۆڵینه‌وه‌كان.
سه‌رۆكی ده‌سته‌ی فڕۆكه‌وانی مه‌ده‌نی كۆماری ئیسلامی ئێران، عه‌لی عابدزاده، گوتیشی: لێكۆڵینه‌وه له‌و رووداوه ساڵێك تا دوو ساڵی ده‌وێت.

له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، ئه‌مڕۆ كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندنی وڵاتانی خۆرئاوا، گرته‌یه‌كی ڤیدیۆییان بڵاوكردووه‌ته‌وه و ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن، تۆماره‌كه چركه‌ساتی تێكشكانی فڕۆكه ئۆكرانییه‌كه له ئاسمانی تاران ئاشكرا ده‌كات، كه به هۆیه‌وه (176) كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا.
رۆژنامه‌ی "نیویۆرك تایمز" بڵاویكردووه‌ته‌وه، فڕۆكه‌كه له ئاسمانی ناوچه‌ی "باراند" له نزیك فڕۆكه‌خانه‌ی تاران كه‌وتووه‌ته خواره‌وه.
به گوێره‌ی زانیاری میدیای خۆرئاوایی، "مووشه‌كێكی ئێران به‌ر فڕۆكه‌كه كه‌وتووه، به‌ڵام به‌رده‌وام بووه له فڕینی و دواتر تێكشكاوه و كه‌وتووه‌ته سه‌ر زه‌وی".
رۆژی چوارشه‌ممه‌ی رابردوو، فڕۆكه‌یه‌كی جۆری ( بۆینگ 737)ی ئۆكرانی له دوای هه‌ڵفڕینی له فڕۆكه‌خانه‌ی "ئیمام خومه‌ینی" تاران، تێكشكا و سه‌رجه‌م سه‌رنشینه‌كانی گیانیان له‌ده‌ستدا.
وڵاتانی خۆرئاوا له‌و بڕوایه‌دان فڕۆكه‌كه به مووشه‌كی ئێران كه‌وتبێته خواره‌وه، به‌ڵام ئێرانییه‌كان ئه‌وه ره‌تده‌كه‌نه‌وه و هۆكاره‌كه‌ی بۆ كێشه‌ی ته‌كنیكی ده‌گه‌ڕێننه‌وه.
هه‌روه‌ها وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا ئامۆژگاری كۆمپانیاكانی فڕۆكه‌وانی كردووه، كه گه‌شت بۆ ئێران نه‌كه‌ن.