ئەمەریكا سزا بەسەر 8 بەرپرسی باڵا و 500 ھاووڵاتی ئێران دا دەسەپێنێ
پۆمپێیۆ: رێگە نادەین ئێران چیدیكە ھاوكاری دارایی میلیشیاكان بكات
K24 - ھەولێر
مایك پۆمپێیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا رایگەیاند، دوای ھێرشەكانی ئێران بۆ سەر بنكەكانی ئەمەریكا، ترەمپ بڕیاری سەپاندنی سزای نوێی بەسەر ئێران داوە.
ئاشكراشی كرد، سزاكان سكرتێری روحانی و فەرماندەی ھێزی بەسیج و ھێزی سكوات و چەند بەرپرسێكی ئێران و 500 ھاووڵاتی ئێران دەگرێتەوە.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا جەخیشی كردەوە، ئەو كەسانە بەشێك بوونە لە ئەنجامدانی پرۆسەی توندوتیژی و تیرۆر دژ بە ھێزە جیاوازەكان و راھێنان بە میلیشیاكان دەكەن.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئێران دەخەنە ژێر چاودێری توندی ئەمنی و رێگە نادەن بەردەوامبێت لە ھاوكاریكردنی تیرۆر و رێگە دەگرن ھاوكاری دارایی ئێران بگاتە دەست میلیشیاكان.
ھاوكات مایك پۆمپێیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا رایگەیاند، كاری ئەمەریكا لە عێراق دیارە كە ھاوكاریكردنی ھێزەكانی عێراقە و شەڕی دژی تیرۆرە.
ئاماژەی بەوەش كرد، بەردەوام دەبن لە ئەركەكانیان لە عێراق و ناكشێنەوە.
ھ.م