زەریف: شەرمەزاری ئێرانییەکانین
"رووداوی فڕۆكە ئۆكراینییەكە تراژیدیاییەكی مێژووییە"
K24 - ھەولێر
وەزیری دەرەوەی ئێران رایدەگەیەنێت، بەھۆی كەوتنەخوارەوەی فڕۆكەیەکی ئۆكراینی شەرمەزاری ئێرانییەکان و ھاووڵاتیانن.
محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە ئینستاگرام جارێكیتر بەھۆی رووداوی كەوتنە خواری فڕۆكەی بوئینگ 737-ی ئۆكراینی داوای لێبوردنی كرد، و دەڵێ "گرنگ نییە كێ ئەو ھەڵەیەی كردووە، بەڵكو گرنگ ئەوەیە بەھۆی ئەو تراژیدیا مێژووییە ھەموومان دەبێ شەرمەزاری ئێران و ھاووڵاتیانی ئێران بین".
وەزیری دەرەوەی ئێران راشیگەیاند "وەكو ھاووڵاتییەكی ئاسایی پرسەداری ئەو كارەساتەم".
رۆژی چوارشەممەی رابردوو 8/1/2020، فڕۆكەیەكی ئۆكراینی سەر بە كۆمپانیای بۆینگ، لە تاران كەوتەخوارەوەو 176 سەرنشین و ستافی فرۆكەكە گیانیان لەدەستدا. نزیكەی 10 كەس لە سەرنشینانی فڕۆكەكە كوردی رۆژھەڵاتی كوردستان بوون.
دوای لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە 11/1/2020، كۆماری ئیسلامی ئێران دانی بە بەئامانجگردنی فڕۆكە ئۆكراینیەكەدا دانا لە رێگەی مووشەكەوە و ئاشكراشی دەكات، بە ئامانجكردنی بەھۆی ھەڵەیەكەیەكی مرۆییەوە بووە.
تەلەڤزیۆنی فەرمی ئێران، لە زاری سەرچاوەیەكی باڵای سەربازییەوە ئاشكرای كرد، كەوتنەخوارەوەی فڕۆكە نەفەر ھەڵگرە ئۆكراینییەكە، بەھۆی پێكرانی بە مووشەكەوە بووە.
ھ.م