فڕۆکەوانی فیدڕاڵی ئەمەریکا کۆمپانیای بۆینگ سزا دەدات

"بۆینگ کەمتەرخەم بووە لە داواکارییەکانی فڕۆکەوانی فیدڕاڵی"

K24 - ھەولێر

ئیدارەی فڕۆكەوانی فیدڕاڵی ئەمەریكا سزایەكی دارایی گەورە بەسەر كۆمپانیای بۆینگ دەسەپێنێت.

بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، فڕۆكەوانی فیدڕاڵی ئەمەریكا رایگەیاند، بەھۆی ئەوەی بۆینگ كەمتەرخەم بووە لە پابەندبوونی داواكاریی ئیدارەكە، بەردەوام بووە لە بەیەكەوە بەستنی ئەو پارچانەی كێشەیان ھەیە لە فڕۆكەی 737 ماكس سەرەڕای ئەوەی كە دەزانێت بەكارھێنانیان زیانی ھەیە، ھەر بۆیە  ھەوڵی سەپاندنی سزایەكی دارایی گەورە بەبڕی 5 ملیۆن و 400 ھەزار دۆلار لەسەر كۆمپانیاكە دەدات.

ئەمە لەكاتێكدایە ئیدارەی فڕۆكەوانییەكە لە حوزەیرانی ساڵی رابردوو پەردەی لەسەر نزیكەی 300 فڕۆكەی لە جۆری ئێن جی و 737 ماكس لابرد، كە مەترسی ئەوە ھەیە كە كەموكوڕی لە دروستكردنیدا ھەبێت، ھەر بۆیە كار بۆ ئەوە دەكات كە بۆینگ بە زووترین كات پابەند بە گۆڕینی ئەو پارچانە بكات.