سوپاسنامەیەك لە سەرۆك بارزانییەوە
سەرۆک بارزانی پەیامێکی سوپاسگوزاری ئاراستەی سەرجەم هاووڵاتییان، بەرپرسانی حکوومی و حزبی لە عێراق و هەرێمی کوردستان، کونسوڵ و نێردە دیپلۆماسییەکان و کەسایەتییەکان کرد کە بەشداربوون لە پرسەی خوالێخۆشبوو عەبدولواحید ئیبراهیم بارزانی.
دەقی پەیامی سەرۆک بارزانی
سوپاسنامەیەك لە سەرۆك بارزانییەوە
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بەناوی خۆم و سەرجەم ئەندامانی خانەوادەی بارزانی، زۆر سوپاسی هاووڵاتییانی خۆشەویست، لایەنە سیاسییەکان، بەرپرسانی حزبی و حکوومیی عێراق و هەرێمی کوردستان، کونسوڵ و نوێنەرانی وڵاتان، پیاوانی ئایینی، نوێنەرانی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان، سەرۆک هۆزەکان و کەسایەتییە کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و ئەکادیمییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، هێزی هاوپەیمانان، فەرماندە و هێزە قارەمانەکانی پێشمەرگە، ئاسایش و پۆلیس، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، راگەیاندن و، سەرجەم چینوتوێژەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و گشت کوردستانییانی ئازیز لە هەر چوار پارچەی کوردستان دەکەم، کە ئەرکیان کێشا و ئامادەی پرسەی خوالێخۆشبوو (عەبدولواحید ئیبراهیم شێخ عەبدولسەلام بارزانی) بوون، و هاوسۆز و هاوخەمی ئێمە بوون.
هاوکات سوپاسی هەموو بەرپرسە حکوومی و لایەنە سیاسییەکان، و ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، و کەسایەتی و سەرۆک هۆزەکانی عێراق و سوریا، هەروەها بەرپرس، و کەسایەتی و نوێنەرانی وڵاتانی عەرەبی و کەنداو، کەسایەتی و لایەنە سیاسییەکانی پارچەکانی تری کوردستان و رەوەندی کوردستانی لە دەرەوەی وڵات دەکەم کە لە رێگەی بروسکە، پەیامی هاوخەمی و پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە زەحمەتیان کێشا و لە پرسە و خەمماندا بەشدار بوون.
سوپاسی تایبەتی خۆم ئاراستەی هاووڵاتییانی خۆشەویستی شارۆچکەی پیرمام دەکەم کە لە رۆژانی پرسەدا، لەگەڵ بوونی زەحمەتی و قەرەباڵغییەکاندا، میوانداریی خەڵکیان کرد. هەروەها دەستخۆشی لە ئەرک و ماندووبوونی هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس دەکەم کە بەرپرسیارێتیی رێکخستنی هاتووچۆ و پاراستنی هاووڵاتییانیان لەسەر شان بوو.
هاوسۆزی و هاوبەشیی بەردەوامی خەڵکی ئازیزی کوردستان لە خەم و کۆستەکانماندا، هەمیشە جێی رێز و پێزانینمانە. هیوادارم گشت لایەک لە ئازار و ناخۆشی بەدوور بن، خودای مەزن پاداشتی خێری هەموو لایەک بداتەوە.
مسعود بارزانی
8ی ئەیلوولی 2026