ناوەرۆکی کۆبوونەوەکانی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا
پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند، دوو شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی جێگیرکردنی شایستە داراییەکانی هەرێم لە بودجەی 2027 لە بەغدان و بڕیارە چەندین دۆسیەی گرنگ و هەستیار لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکومەتی فیدراڵ تاووتوێ بکەن.
ئەمڕۆ سێشەممە، 8ـی ئەیلوولی 2026، دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا ئاماژەی بەوە کرد، یەکێک لە شاندەکان لە وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکهاتووە و بڕیارە سبەی چوارشەممە 9ـی ئەیلوولی 2026، شاندە باڵاکە لەگەڵ فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق کۆببێتەوە. دواتریش زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیرانی پلاندانان و نەوتی حکومەتی فیدراڵ ئەنجام دەدرێن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، تەوەری سەرەکی گفتوگۆکان، بریتی دەبێت لەو داواکارییانەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان پێشتر بۆ بودجەی ساڵی 2027 رادەستی بەغدای کردووە، لەو چوارچێوەیەدا، پرسی "دامەزراندن" یەکێکە لەو خاڵە جەوهەرییانەی شاندەکە جەختی لێ دەکاتەوە، چونکە هەرێمی کوردستان چەندین ساڵە لە مافی دامەزراندنی نوێ بێبەشکراوە و دەیەوێت لە بودجەی ساڵی داهاتوودا ئەم مافە بچەسپێنێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، تەوەری گفتوگۆکان ئەم خاڵانە دەگرێتەوە:
دامەزراندنی سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگاکان.
-چارەنووسی فەرمانبەرانی گرێبەست.
-دابینکردنی تێچووی کەرستە تەندروستییەکان.
-هاوتاکردنی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە لەگەڵ سوپای عێراق.
-هاوتاکردنی مووچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان.
-خەرجکردنی ئیکرامییەی خانەنشینان کە تاوەکو ئێستا خەرج نەکراوە.
شاندەکەی هەرێمی کوردستان کە بۆ چەند ڕۆژێک لە بەغدا دەمێننەوە، دەسەڵاتی تەواوی ڕێککەوتنیان پێدراوە. ئەم سەردانە لە کاتێکدایە کە وەزارەتی دارایی عێراق پابەند کراوە تاوەکو 15ـی ئەم مانگە (ئەیلوول) ڕەشنووسی کۆتایی پرۆژەیاسای بودجە ئامادە بکات و ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیرانی بکات، بۆیە حکومەتی هەرێم دەیەوێت پێش ئەو وادەیە تەواوی ماف و شایستەکانی لەناو ڕەشنووسەکەدا جێگیر بکات.