چین هەژموونی خۆی لە عێراق زیاد دەکات
بەهۆی سزاکانی سەر ئێران، روو لە عێراق دەکات
K24 – ههولێر:
لە نوێترین راپۆرتی پێگەی ئۆیل پرایسی ئەمریکیدا هاتووە، بەهۆی بەردەوامی ئەو بەربەست و کێشانەی بەردەوام ئێران رووبەڕووی دەبێتەوە،و سەرەڕای ئەو سزا و گەمارۆ سیاسیانەی بەرۆکی تارانی گرتووە، چین بڕیاریداوە لە کاتی ئێستادا دیدگای خۆی بۆ نزیکترین دراوسێی ئێران بگۆڕێت کە عێراقە.
سایمۆن واتکینز نووسەری راپۆرتێکە لەو پێگە ئەمریکیە نووسیویەتی، عێراق بە تەواوی هاوشێوەی ئێرانە، یەدەگێکی گەورەی نەوت و گازی هەیە و چاوەڕێی ئەوە دەکاتبەکاری بهێنێت و سوودی لێ وەربگرێت، هەروەها وڵاتەکە پێگەیەکی ستراتیژی نایابی هەیە بە تایبەت بۆ پڕۆژەی 'یەک پشتێنە و یەک رێگە' کە چین ساڵانێکی زۆرە هەوڵی بۆ دەدات.
نووسەر لە راپۆرتەکەی نووسیویەتی، چین پێگەیەکی بەهێزی لە عێراق هەیە، هەروەها کۆمپانیای رووسنەفت کە سەر بە رووسیای هاوپەیمانیەتی، بە شێوەیەکی کاریگەر کۆنترۆڵی ژێرخانی نەوت و گازی وڵاتەکەی کردووە بە تایبەت لە باکووری وڵاتەکە و بە دیاریکراوی ناوچەکانی کوردستانی عێراق، هاوکات کۆمپانیا چینییەکانیش لە چەندین کێڵگەی باشووری وڵاتەکە چالاکن لە کارەکانیان.
مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق و شاندێکی یاوەری سەدانی چینیان کرد، و لە سەر چەندین بابەت رێککەوتنیان کرد لە گرنگترینیان رێککەوتنی نەوت بەرامبەر پڕۆژە بوو، بە جۆرێک عێراق رۆژانە 100 هەزار بەرمیل نەوت بە چین دەدات و لە بەرامبەردا چین ژێرخانی ئابووری عێراق پەرەپێدەدات.
ئەحمەد سەلیم کەنانی سەرۆکی لیژنەی ئابووری وەبەرهێنان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت ئەو رێککەوتنە چەندین بڕگە لە خۆدەگرێت بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم کەرتەکان، بە تایبەت ژێرخانی ئابووری و خزمەتگوزاری، و پڕۆژەکانی چارەسەرکردنی ئاوی قورس و رێگە و پرد، هەروەها لە بوارەکانی تەندروستی بە دامەزراندنی نەخۆشخانەی هاوچەرخ و فێرکاری، هاوکات لە بواری پەروەردەش چەندین قوتابخانە و زانکۆ و پەیمانگە بنیاد دەنێت.
هاوکات سایمۆن واتکینز نووسەری راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشداوە، چوارچێوەی رێککەوتنی بازرگانی نێوان عێراق چین گەورەترە، و ئامانج لێی بەرزکردنەوەی قەبارەی وەبەرهێنانەکانی چێنە لە عێراق بۆ سەرووی 20 ملیار دۆلار، و بەرزکردنەوەی قەبارەی ئاڵووگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوو وڵاتە بۆ سەرووی 30 ملیار دۆلار.
ئەو نووسەرە پێی وایە کڕۆکی رێککەوتنە بۆ چین فراوانترە، و مەبەستییەتی پلە بە پلە عێراق هاوشێوەی وڵاتانی ئەفریقا پەلکێشی پلانە ستراتیژییەکانی خۆی بکات کە پڕۆژەی 'یەک پشتێنە و یەک رێگەیە'.
نووسەر ئاماژەی بەوەداوە، پلانەکانی چین دوور مەودایە، و پەکین لە کەرتەکانی نەوت و گاز دەست پێدەکات، دواتر بۆ کەرتەکانی دیکە پەل دەهاوێژێت. سەرەڕای ئەوەش لە کڕینی نەوت و گاز داشکانی بۆ دەکرێت، و دەرفەتیشی پێدەدرێت کارگە لە عێراق و ئێران دابمەزرێنێت، و ژێرخانی ئابووری بە تایبەت هێڵی شەمەندەفەر دابمەزرێنێت و کۆمپانیا چینییەکانیش سەرپەرشتی بکەن.