ئێران: نابێ تره‌مپ به‌ زمانی فارسی تویت بكات

"ئەمەریكا ھۆكاری ھەڕەشە و گەمارۆكانی سەر ئێرانە"

K24 - ھەولێر

وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایدەگەیەنێت "ئەمەریكا كە ھۆكاری ھەڕەشە و گەمارۆكانی سەر ئێرانە، بۆی نییە زمانی فارسی بەكاربھێنێت".

وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەكاردانەوە بە پەیامەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بە زمانی فارسی رایگەیاند "ئەمەریكا ھۆكاری تیرۆر و گەمارۆكانە لە ئێران و بۆی نییە زمانی فارسی بەكاربھێنێت".

عەباس موسەوی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە تویتێكدا دەڵێت "ئەمەریكا كە بەردەوام ھەڕەشە و گەمارۆ و تیرۆری دژ بە ئێران بەكارھێناوە بۆی نییە زمانی فارسی بەكاربھێنێت".

دەشڵێت: "ئەمەریكا لە چەند رۆژی رابردوودا، فەرماندەیەكی ئێرانی تیرۆر كردووە، لەگەڵ خەڵكی ئێرانە یا بەرانبەریان دەوەستێتەوە".

ئەم كاردانەوەی ئێران دوای ئەوە دێت دۆناڵد ترەمپ، دوو رۆژ لەمەوبەر بۆ یەكەمجار لە تویتێكدا بە زمانی فارسی رایگەیاند، كە خەڵكی ئێران بوێرو زوڵم لێكراون و دەوڵەتی ئەمەریكا پشتیوانیان لێدەكات.