لە بانكێكی عێراق ملیارێك و 330 ملیۆن دینار دیار نامێنێ
دەستەی دەستپاکی عێراق گەندەڵییەک ئاشکرا دەکات
K24 - ھەولێر
دەستەی دەستپاکی لە عێراق قەرزێكی وەھمی بە بڕی زیاتر لە ملیارێك دینار لە ناو یەكێك لە بانكە حكومییەكان ئاشكرادەكات.
بەگوێرەی بەیاننامەیەكی دەستەی دەستپاکی لە عێراق ، لە یەكێك لە بانكە حكومییەكانی پارێزگای بابل، مامەڵەیەكی پێدانی قەرز ئاشكراكراوە، كە بە قەرزی وەھمی دادەنرێت بەو پێیەی كە بەبێ بیمە دراوە.
لە بەیاننامەكەدا ھاتووە، بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەكان بڕی ملیارێك و 330 ملیۆن دینار لە ئەنجامی قەرزێكی وەھمی دیارنەماوە و لە رێگەی تیمێكی تایبەتەوە ئەو مامەڵەیە ئاشكرا كراوە.
ھاوكات فەرمانگەی لێكۆڵینەوە لە بابل ئاماژەی بەوەشداوە كە بانكەكە ھیچ ھەوڵێكی نەداوە بۆ گێڕانەوەی ئەو برە پارەیە، ھۆكارەكەیشی بۆ ئەو ناڕێكییە دەگەڕێتەوە كە لە كاتی پرۆسەی پێدانی قەرز لەلایەن كارمەندەكانی دەدرێت، ھەر بۆیە فەرمانگەكە رێوشوێنی یاسایی پێویستی گرتووەتەبەر بۆ رێكخستنی كارەكان لەو بانكە و سزادانی ئەو كەسانەی دەستیان لەو رووداوە ھەبووە.
ھ.م