لیرەی سووری دابەزینی مێژوویی تۆمار دەكات
بۆ یەکەم جار دۆلارێک بۆ 1000 لیرەی سووری بەرزدەبێتەوە
K24 - ھەولێر
بۆ یەكەمجار لە مێژووی وڵاتەكە، لیرەی سووری سنووری ھەزار لیرە بەرامبەر بە دۆلارێك دەشكێنێت.
لە دوایین مامەڵەكانی دراودا بەھای دۆلار بەرامبەر بە لیرەی سووری بەرزبوونەوەیەكی بەرچاوی تۆماركرد بەجۆرێك ھەر دۆلارێك یەكسانە بە ھەزار لیرە ئەوەش بۆ یەكەم جارە لە مێژووی وڵاتەكە ئەو سنوورە بشكێنێت.
بەگوێرەی بازاڕی دراو لە سووریا، لە ماوەی رابردوودا نرخی دراوەكان لە وڵاتەكە ناجێگیری بەرچاوی بەخۆوە بینی و تەنیا لە جەند رۆژێكی كەم نزیكەی 200 خاڵ بەرامبەر بە دۆلار بەرزبووەوە، ئەوەش بووە ھۆكار كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ھەڵمەتێكی گەورە سەرھەڵبدات بە مەبەستی پاڵپشتیكردنی لیرەی سووری.
بانكی ناوەندی لە سووریا بەھای دۆلارێكی بەرامبەر بە 436 لیرە جێگیركردووە و تاوەكو ئێستاش دەستەوەستانە بەرامبەر بەو داڕمانەی كە دراوە سوورییەكە بەرامبەر بە دۆلار تۆماری دەكات و كاریگەری نەرێنی لەسەر بازاڕ دروستكردووە و بەھۆیەوە نرخی كاڵاكان بەرزبوونەتەوە.
ھ.م