ئەمریکا: لە عێراق بکشێینەوە وەبەرهێنەرەکانیشمان دەردەچن
"دوای کشانەوەمان لە عێراق جارێکی دیکە داعش دەگەڕێتەوە"
K24 - ھەولێر
بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا باس لە پەرچەکرداری دەرچوونی واشنتن و هێزەکەی دەکات لە عێراق و دەڵێت، بە کشانەوەیان کۆتایی رێگەکە دەبێت و جارێکی دیکە داعش سەرهەڵدەداتەوە.
جۆی هوود، جێگری یەکەمی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، لە گوتارێکی لە پەیمانگەی توێژینەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە واشنتن رایگەیاند "ئەگەر دەنگ بدەن بە دەرچوونی هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە عێراق، ئەوا سەرجەم هێزی هاوپەیامانان وڵاتەکە جێدەهێڵێت، و دوای ئەوانیش وەبەرهێنەران لە عێراق نامێنننەوە، لە کۆتایش پێشبینی دەکرێت جارێکی دیکە رێکخراوی داعش سەر هەڵبداتەوە".
ئەو دیپلۆماتکارە روونی دەکاتەوە، کە سەرجەم قۆناخەکان بە زنجیرە بە دوای یەکدیدا دێن و کاردانەوەی نەرێنی لەسەر وڵاتەکە دەبێت، بە جۆرێکی وەبەرهێنەران لە عێراق نامێننەوە، ئەوەش کێشەی زۆر دروست دەکات، بۆ نموونە کێشە لە سیستمی بانکی دروستدەبێت.
دەشڵێت "هاوپەیمانە ستراتیژییەکان کاتێک ئەو دۆخە دەبینن و کێشە بۆ پەیوەندییەکانیان دروست دەبێت، ئەوانیش، بیر دەکەنەوە و تاوتوێی دەرچوونیان لە عێراق دەکەنن، بۆیە دەمانەوێت دابنیشین و تاوتوێی دۆخەکە بکەین و باشترین بژاردە هەڵبژێرین".
ھ.م