عێراق و ئێران شارێكی پیشەسازیی ھاوبەش دەكەنەوە
"زەوی لە شاری قەسری شیرین كە هاوسنوورە لەگەڵ عێراق تەرخان كراوە"
K24 - ھەولێر
ئێران رایدەگەیەنێت، كە بەنیازە شارێكی پیشەسازیی ھاوبەش لەگەڵ عێراق دروست بكات.
بیژەن كوردستانی، بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای شارە پیشەسازییەكان لە پارێزگای كرماشان بۆ ئاژانسی ئێرنای ئاشكرای كردووە، كار لەسەر ئەوە دەكەن شارێكی پیشەسازیی ھاوبەش لە سنووری نێوان ئێران و عێراق دروست بكرێت، بۆ ئهم مهبهستهش 75 ھێكتار زەوی لە شاری قەسری شیرین، كە هاوسنوورە لەگەڵ عێراق، تەرخان كراوە و توانا و پێداویستییەكانی ئاو و كارەبا و گاز و ھێڵەكانی پەیوەندی، دابین كراون.
ئاماژەی بەوەش داوە، ئامانج لەو ھەوڵانە، راكێشانی سەرنجی وەبەرھێنەرانە بۆ ئەو شارە پیشەسازییە، كە لە داھاتوودا رۆڵێكی گرنگی دەبێت لە ناوچەكە و لایەنی عێراقی خوێندنەوەی تەواوی بۆ ئەو پڕۆژەیە كردووە و بە گرنگی دەزانن، كە كونسوڵخانەكانی ئێران و لایەنی عێراقی دەست بە تاووتوێكردنی چالاكییەكانی تایبەت بەو شارە پیشەسازییە بكەن.
ھ.م