نەوتی عێراق %20ـی ھاوردەی ھیندستان پێكدێنێت
"مەترسییە ئەمنییەكان لە عێراق توانای بەرھەمھێنانی نەوت ئەستەم دەكات"
K24 - ھەولێر
ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی رایگەیاند، نەوتی عێراق تەنیا %20ـی ھاوردەی ھیندستان لە نەوت پێكدێنیت و مەترسییە ئەمنییەكانی عێراق دەبێتە ھۆكار، كە توانای بەرھەمھێنانی ئەو وڵاتە لە نەوت ئەستەم بێت.
ئاژانسەكە لە راپۆرتێكیدا ئاماژەی بەوەشداوە، دوای ئەوەی ھەناردەی نەوتی لە عێراق لە ماوەی ساڵی 2010 ، لە 2 ملیۆن بەرمیلی رۆژانەوە بۆ 4 ملیۆن بەرمیل بەرزبووەوە، پێشوازییەكی زۆر لە وزەی عێراق كرا و كەرتی نەوتی بووژایەوە و ھەر یەك لە چین و ھیندستان رۆژانە ملیۆنێك بەرمیل نەوتیان لە عێراقەوە بۆ دەچێت. ھەروەھا یەك ملیۆن بەرمیلی دیكە دەچێتە وڵاتانی ئەوروپا، بەڵام ئەو مەترسییە ئەمنییانەی كە ئێستا لە عێراقدا ھەیە كاریگەری خراپی لەسەر توانای بەرھەمھێنانی نەوت دەبێت، لە بەرامبەریشدا دابینكردنی بەرھەمی نەوتی زیادە بۆ پڕكردنەوەی خواستی جیھان ئەستەم دەكات.
ھ.م