دڵنیایی دەدرێتە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان

لە پڕۆژەیاسای چاکسازیی چی بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان کراوە؟

K24 – هه‌ولێر:

له‌ هه‌نگاوێكی دیكه‌ی چاكسازی و به‌ مه‌به‌ستی بڕینی مووچەی ئه‌و كه‌سانه‌ی شایسته‌ی مووچه‌ی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت نین، لیژنه‌یه‌ك بۆ بینین و پاككردنه‌وه‌ی لیستی مووچه‌ی خاوه‌ن پێداویسته‌ تایبه‌ته‌كان پێك ده‌هێنرێت.

په‌رله‌مانتارێكیش ده‌ڵێت، له‌ یاسای چاكسازیدا گه‌ره‌نتی و دڵنیایی دراوه‌، ئه‌و خاوه‌ن پێداویسته‌ تایبه‌تانه‌ی شایسته‌ن، مووچه‌كانیان نابڕدرێت و وه‌ك خۆی ده‌مێنێته‌وه‌.

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان لە لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی له‌ رێگه‌ی كوردستان24ـەو‌ روونكردنه‌وه‌ ده‌دات،‌ بە ھیچ شێوەیەک مووچەی كه‌سانی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت نابڕێت، بەڵکوو رێکخستنەوەی بۆ دەکرێت و لیستەکانیان لەو کەسانەی شایستەنین مووچه‌یان پێ بدرێت، پاک دەکرێتەوە، چونكه‌ لە بنەڕەتدا خاوە پێداویستی تایبەت نین.

یاساکە بەجۆرێک داڕێژراوەتەوە، ھەر خاوەن پێداویستییەکی تایبەت فەرمانبەر بێت لە حکوومەت، ئەوە مووچەکەی بۆ دەخرێتە سەر مووچەی فەرمانبەرییەکەی و ئەوانه‌شی فەرمان بەر نین، مووچەکانیان وەک خۆی دەمێنێتەوە.

په‌رله‌مانتارێكی تری كوردستان ده‌ڵێت، گه‌ره‌نتیان لە حکوومەت وەرگرتووە كه‌ لەو پارەیەی لە جێبەجێکردن یاسای چاکسازیی دەگەڕێتەوە، بتوانرێت مووچەی ئەو توێژەی پێ زیادب کرێت.

لە ماددەی ١٥ یاسای چاکسازیی، خاڵێک زیاد کراوە باس لەوە دەکات، بە دیارکردنی رێژەی ئەو پارەییەی کە له‌ یاسای چاكسازی دەست حكوومه‌ت دەکەوێت، دەستکاری مووچەی خاوەنپێداویستی تایبەت و خانەنشینانی مەدەنی دەکرێت.

لەگەڵ ئەمانەشدا، لە قۆناغی یەکەمدا لە رێگەی لیژنەیەکی تایبەتمەندەوە، دەست دەکرێت بە بینینی كه‌سانی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت، له‌ پێناو پاککردنەوەی لیستی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان.

H.J