حكومه‌تی هه‌رێم ته‌رمی 5 هاووڵاتی كوردی یه‌خته‌ نغرۆبووه‌كه‌ی ئیجه‌ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌

گوته‌بێژی حكومه‌ت: سه‌رۆكی حكومه‌ت دەزگاکانی راسپاردووه‌ هەموو هاوکاری و ئاسانکارییەك بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ته‌رمی قوربانییان بکەن

K24 - هه‌ولێر:

جوتیار عادل، گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، له‌سه‌ر ئه‌ركی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ته‌رمی پێنج له‌ قوربانییانی رووداوی نقومبوونی به‌له‌مێكی ده‌ریای ئیجه‌ ده‌گاته‌وه‌ سلێمانی.

گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، ته‌رمی ئه‌و پێنج كه‌سه‌، به‌ناوه‌كانی (رێبین عەباس محەمەد، رەوەند مستەفا، رێبین محەمەد، سیڤەر ستار و یوسف بابەکر)، ئێواره‌ی هه‌ینی ده‌گاته‌وه‌ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی.

ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، وێڕای ده‌ربڕینی هاوخه‌می خۆی له‌گه‌ڵ كه‌سوكاری قوربانییه‌كان، ته‌واوی دامه‌زراوه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی حكومه‌تی راسپاردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى هه‌موو ئاسانکارییەك بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ته‌رمی قوربانییان بۆ هه‌رێمی كوردستان بکەن.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌یدا گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان:

ئێوارەی رۆژی هه‌ینی 2020/1/24 کاتژمێر 8:45، تەرمی پێنج لە قوربانیانی  بەلەمی نوقومبووی  دەریای ئیجە بە ناوەکانی (رێبین عەباس محەمەد، رەوەند مستەفا، رێبین محەمەد، سیڤەر ستار و یوسف بابەکر) لەسەر ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگاتەوە فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیی سلێمانی.

هێنانەوەی تەرمی قوربانیان لە سەر راسپاردەی رێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە کە لە کۆبوونەوەی هەفتەی رابردووی ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دەربڕینی هاوخەمی خۆی له‌گەڵ بنەماڵە و کەسوکاری قوربانییان، دەزگاکانی حکومەتیشی راسپارد، هەموو هاوکاری و ئاسانکارییەك بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ته‌رمی قوربانییان بۆ هه‌رێمی كوردستان بکەن.

جوتیار عادل

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان

2020/1/23