ئه‌نقه‌ره: ئه‌وروپا به‌ڵێنه‌كانی له باره‌ی خه‌رجی په‌نابه‌ران نه‌برده سه‌ر
له باره‌ی په‌نابه‌رانی سووریا
K24 – هه‌ولێر:
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا، مه‌ولود چاوشئۆغلو رایگه‌یاند، ئه‌وروپا نیوه‌ی ئه‌و پاره‌یه‌ی نه‌داوه، كه به‌ڵێنی دابوو بۆ هاوكاری په‌نابه‌رانی سووریا راده‌ستی ئه‌نقه‌ره‌ی بكات.
له لێدوانێكدا بۆ رۆژنامه‌ی "بیڵد"ی ئه‌ڵمانی، چاوشئۆغلۆ گوتی: یه‌كێتی ئه‌وروپا به‌ڵێنی دابوو تا كۆتایی (2016)، (3) ملیار یۆرۆ و تا كۆتایی (2018) (3) ملیار یۆرۆی دیكه بۆ توركیا ته‌رخان بكات به مه‌به‌ستی خه‌رجكردنی بۆ په‌نابه‌رانی سووریا، به‌ڵام ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی جێبه‌جێ نه‌كردووه.
هه‌روه‌ها گوتی: "ئێستا ئێمه له (2020)ین، به‌ڵام یه‌كێتی ئه‌وروپا هێشتا بڕی یه‌كه‌می ئه‌و پاره‌یه‌ی نه‌داوه. ئێستا كێ په‌یمانی ناباته سه‌ر، توركیا یان یه‌كێتی ئه‌وروپا؟".
روونیشیكرده‌وه، پێش رێككه‌وتنه‌كه‌ی توركیا و یه‌كێتی ئه‌وروپا، كه ئه‌ڵمانیا رۆڵێكی سه‌ره‌كی تێدا گێڕا، رۆژانه (7) هه‌زار په‌نابه‌ر ده‌گه‌یشتنه دوورگه‌كانی یۆنان، به‌ڵام ئێستا ئه‌و ژماره‌یه كه‌مبووه‌ته‌وه بۆ (57) كه‌س له رۆژێكدا.
توركیا و یه‌كێتی ئه‌وروپا له (18ی ئازار/ مارسی 2016) له برۆكسل (3) رێككه‌وتنیان له باره‌ی پرسی كۆچ و په‌نابه‌رانه‌وه واژوو كرد. به هۆیانه‌وه توركیا ئاماده‌یی ده‌ربڕی رێگه له كۆچی په‌نابه‌ران بگرێت و یه‌كێتی ئه‌وروپاش ساڵانه (3) ملیار یۆرۆ بۆ خه‌رجی ئه‌و په‌نابه‌رانه له توركیا دابین بكات.