خۆپیشانده‌رانی به‌غدا تیمی "قه‌ڵخانی ته‌حریر" پێكده‌هێنن
وه‌ك په‌رچه‌كردارێك بۆ توندوتیژی هێزه ئه‌منییه‌كان
K24 - هه‌ولێر:
ژماره‌یه‌ك خۆپیشانده‌ر له گۆڕه‌پانی ته‌حریری به‌غدا، له به‌رامبه‌ر ئه‌و توندوتیژییانه‌ی له‌لایه‌ن ده‌زگا ئه‌منییه‌كانه‌وه به‌رامبه‌ریان ئه‌نجام ده‌درێت، تیمی "قه‌ڵخانی ته‌حریر" پێكده‌هێنن.
شڤان جه‌باری، په‌یامنێری كوردستان 24 رایگه‌یاند، دوای نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ شه‌ممه 25/1/2020، هێزێكی زۆری ئه‌منی له‌و شوێنانه جێگیربوونه كه خۆپیشانده‌ران خێوه‌تیان لێ هه‌ڵداوه و لێی ده‌مێننه‌وه و چه‌ند خێوه‌تێكیشان سووتاندووه.
له به‌رامبه‌ریشدا خۆپیشانده‌ران تیمێكیان بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هێزه ئه‌منییه‌كان به‌ناوی "قه‌ڵخانی ته‌حریر" پێكهێناوه و رووخساری خۆشیان داپۆشیوه، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی ده‌بنه قه‌ڵخانی پاراستنی خۆپیشانده‌رانی گۆڕه‌پانی ته‌حریری به‌غدا، كه له ئۆكتۆبه‌ری رابردووه‌وه تێیدا ماونه‌ته‌وه.
به‌هۆی توندوتیژیییه‌كانی ئه‌مڕۆی نێوان هێزه ئه‌منییه‌كان و خۆپیشانده‌رانیش، 4 خۆپیشانده‌ر له به‌غدا و 3 خۆپیشانده‌رانیش له زیقاڕ كوژراون و ژماره‌یه‌كی زۆریش بریندارن.
ئ. م