لە سلێمانی دوو كەس بە تۆمەتی دزینی ئۆتۆمبێل دەستگیر كران
"یەكێك لە ئۆتۆمبێلەكان لە بابلەوە ھێنراوە"
K24 - سلێمانی
هێزەكانی پۆلیس لە شاری سلێمانی دەستیان بەسەر دوو ئۆتۆمبێلی دزراودا گرت و دوو تۆمەتباریشیان دەستگیر كرد.
نەقیب سەركەوت ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەشی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "لەلایەن پۆلیسی شاری بابلەوە ئاگادار كراینەوە كە ئۆتۆمبێلێك لە جۆری لاندكرۆزەر لەو شارە دزراوەو گومانیان هەبوو كە بەرەو شارەكانی هەولێر و سلێمانی هێنرابێت، هێزەكانمان لە بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان و بەشی پۆلیسی فریاكەوتن ئاگادار كردەوە بۆ كۆكردنەوەی زانیاری و دەستپێكردنی لێكۆڵینەوەكان. رۆژی 2020/1/25 ئۆتۆمبێلەكە لە پێشانگایەكی كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل دۆزرایەوە و دەستی بەسەردا گیرا، ئەو كەسەش دەستگیركرا كە ئۆتۆمبێلەكەی پێبووە، ئێستا ئەو كەسە بە بڕیاری دادوەر بەندە".
گوتیشی: "رۆژی 2020/1/24 ئۆتۆمبێلێك لە شاری سلێمانی دزرابوو كە بە زۆر لە خاوەنەكەیان سەندبوو، پاش تۆمار كردنی سكاڵا لە بەشی پۆلیسی فریاكەوتن و نەهێشتنی تاوان لەلایەن شۆفێری ئۆتۆمبێلەكەوە، لەماوەی چەند كاتژمێرێكی كەمدا توانرا ئۆتۆمبێلەكە بدۆزرێتەوەو دەستیبەسەردا بگیرێت و ئەو كەسەش دەستگیربكرێت كە ئۆتۆمبێلەكەی بردبوو".
ھ.م