لایەنە سیاسییەكان یەكھەڵوێستی كورد لە كەركووك تاوتوێ دەكەن

تەعریب و تەنگ پێھەڵچنینی ھاووڵاتیانی كورد زیادیكردووە

K24 - كەركووك

لایەنە سیاسییە كوردییەكان لە شاری كەركووك بۆ گفتوگۆ كردن لەبارەی یەكخستنی یەكھەڵوێستی كورد سەبارەت بە رەوشی كەركووك كۆدەبنەوە.

مەریوان نادر، پەرلەمانتاری كورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، یەكێكە لە بەشداربووانی كۆبوونەوەكە بە كوردستان24ی راگەیاند: "بارودۆخی ئێستای كەركووك ناسەقامگیرە و تەعریب و تەنگ پێھەڵچنینی ھاووڵاتیانی كورد رۆژ دوای رۆژ لە زیاد بوون دایە، بۆیە دەمانەوێت ھەڵوێستێكی كوردستانیانەمان لەسەر ئەو پرسە ھەبێت".

گوتیشی: "دەمانەوێت وەك نوێنەرانی كورد ھەماھەنگیمان لەگەڵ لایەنەكان و ھاووڵاتیانی كەركووك ھەبێت، پرسی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكان پرسێكی سیاسییە و پێویستی بە یەكخستنی ھەڵوێستی كورد ھەیە".

ھ.م