نێچیرڤان بارزانی سوپاسی ئەڵمانیا بۆ هاوکاریکردنی هێزەکانی پێشمەرگە دەکات
سەرۆکى هەرێمى کوردستان پێشوازى لە دوو پەرلەمانتاری ئەڵمانیا و کونسولی گشتیی ئەڵمانیا لە هەولێر کرد
K24 – ههولێر:
نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان پێشوازى لە یۆرگن هارت و مارکۆس گڕۆبل، ئەندامانى پەرلەمانى ئەڵمانیا لە پارتى دیموکراتى مەسیحی (CDU) کرد و سوپاسی ئەڵمانیای بۆ پشتیوانی لە هێزەکانی پێشمەرگە کرد.
لە دیدارێکدا کە کونسولی گشتیی ئەڵمانیا لە هەولێر ئامادەى بوو، پەرلەمانتارانى ئەڵمانى سوپاسى حکوومەت و گەلى کوردستانیان کرد بۆ حەواندنەوەى ئاوارە و پەنابەران لە کەمپەکانى هەرێمى کوردستان بەتایبەتى مەسیحییەکان، دووپاتیشیان کردەوە کە هەوڵ دەدەن وەک پێشتر ئەڵمانیا لە هاوکاریکردنى هەرێمى کوردستان بەردەوام بێت.
تاوتوێکردنى پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان و عێراق، دۆخى عێراق و سووریا و ناوچەکە بەگشتى، مەترسیى تیرۆر و پێویستیى عێراق بە مانەوەى هێزەکانى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتیى دژى تیرۆر، چەند تەورێکى دیکەى دیدارەکە بوون.
هەروەها، نێچیرڤان بارزانى سوپاس و پێزانینى هەرێمى کوردستانى بۆ ئەڵمانیا دووپات کردەوە کە بڕیارى داوە لە هاوکاریکردنى پێشمەرگە بە مەشق و ڕاهێنان بەردەوام بێت، هەروەها مانەوەى هێزەکانى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتیى دژى داعش لە عێراق بە پێویست زانى.
H.J