راگەیه‌ندراوێك لە وەزارەتی تەندرووستی حکومەتی هەرێمی کوردستانه‌وه‌

له‌ باره‌ی ڤایرۆسی كۆرۆناوه‌

K24 – هه‌ولێر:

وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان دڵنیایی دا، كه‌وا هیچ حاڵه‌تێكی نه‌خۆشی ڤایرۆسی كۆڕۆنای نوێ له‌ هه‌رێمی كوردستان تۆمار نه‌كراوه‌.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌

وەزارەتی تەندرووستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ رایگشتی و دامودەزگاکانی میدیا رایدەگەیەنێت، کەوا هیچ حاڵەتێکی نەخۆشی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ (2019-nCoV) لە هەرێمی کوردستان بوونی نیە و تۆمار نەکراوە.

بەداخەوە لە چەند پەیج و میدیایەک بەبێ هیچ سەرچاوەیەک و دوور لە راستی و بەبێ هیچ بنەمایەک هەواڵی بوونی ئەم نەخۆشیەیان بڵاوکردووه‌تەوە.

لێرەدا هاووڵاتیانی خۆشەویست دڵنیا دەکەینەوە کە دامودەزگاکانی تەندرووستی زۆر بەووردی و بە بەردەوام چاودێری رەوشی ئەم نەخۆشیە دەکەن بەهەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندارە نێودەوڵەتیەکان و رێککارە پێویستەکان دەگیرێتەبەر بۆ رێگەگرتن لەم نەخۆشیە، هەروەها رایدەگەیەنین کەوا جگە لە وەزارەتی تەندروستی و رێکخراوی تەندرووستی جیهانی  WHO لەسەر ئاستی جیهاندا، هیچ لایەنێکی دیکە بەسەرچاوەی فەرمی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵانە دانانرێت.

وەزارەتی تەندرووستی

حکومەتی هەرێمی کوردستان

27ی کانوونی دووەمی 2020