تەرمێكی نەناسراو لە پێنجوێن دۆزرایەوە
"لە نێوان 35 بۆ 40 ساڵدایە و جوتێك کالەی سووری لەپێدایە"
K24 - سلێمانی
شەوی رابردوو لە سنووری قەزای پێنجوێن تەرمێكی نەناسراو دەدۆزرێتەوە، كە ئاژەڵە كێوییەكان بەشێكی جەستەیان خواردووە.
لوقمان لەتیف، لێپرسراوی راگەیاندنی نەخۆشخانەی پێنجوێن ئاشكرای كرد، شەوی رابردوو تەرمی هاووڵاتییەکی نەناسراو هێنرایە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکەیان. کە لەلایەن شوانێکەوە پۆلیس ئاگادار کرابووەوە لە بوونی تەرمەكە.
راشیگەیاند: "تەرمەکە لە سنووری گوندی سیاگوێزی سەربە ناحیەی گەرمکی قەزای پێنجوێن دۆزراوەتەوەو ھێزەكانی پۆلیسی گەرمک بەدواداچوونیان بۆ کردوە".
لێپرسراوی راگەیاندنی نەخۆشخانەی پێنجوێن ئاماژەی بەوەشكردووە: "ئەوەی تێبینی کراوە تەمەنی لە نێوان 35 بۆ 40 ساڵدایە و جوتێك کالەی سووری لەپێدایە و وێنەی تاتۆیەک لەسەر سنگییەتی و هەندێ پارەی تومەنی ئێرانی لە گیرفانیدابووە. دوای پشکنینی بەشی دادی نەخۆشخانەکەمان دەرکەوت، کە ئاژەڵی دڕندە بەشێکی زۆر لە لەشی خواردوەو مێژووی مردنەکەی لەنێوان 48 بۆ 72 کاتژمێردایە".
بەگوێرەی زانیارییەكانی كوردستان24، بۆ پشكنین و لێكۆڵینەوەی زیاتر، تەرمە نەناسراوەکە رەوانەی پزیشکی دادی سلێمانی دەکرێت.
ھ.م