بەم پێنج خاڵە بزانە کە تۆ "شەهیدی" کارەکەتی

ئەگەر لە کارەکەت ئەم شتانە بکەیت ئەوا تۆ "شەهیدی" کارەکەتی و زیانی زۆر دەکەیت

K24 – هه‌ولێر:

مێلۆدی ویلدینگ، راهێنەر و شارەزای کاری کۆمەڵایەتی، لەو بارەوە دەڵێت: "شەهیدی کار وەک ئەوانەن کە ئالوودەی کارەکانیان بوون، شەهیدی کار وەکو ئەوانەن کە شانازی بە مانەوەی زۆر لە دەوام دەکەن و ئامادەی هەموو شتێکن بۆ کارەکە".

ئەو راهێنەرە چوار نیشانە دیاری دەکات کە ئەو جۆرە کەسانە هەیانە:

یەکەم:

چارەسەرکردنی کێشەکانی کارەکەت بەبێ ئەوەی ئەرکی تۆ بێت، وا لەو کەسانە دەکات هەست بە تایبەتیی خۆیان بکەن و هەمیشەش چاویان لە ستایشە، بەڵام لە راستیدا ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە واتای ئەوەیە کە تۆ دەستکەوت، بەهرە و بەهاکەت بە سرووشتی خۆت نازانیت.

دووەم:

ئەو راهێنەرە دەڵێت ئەو جۆرە کەسانە هەموو شتێک وەکو "داواکاریی" تەماشا دەکەن نەک "بژاردە". ئەوان وا دەزانن هەرشتێک بێتە بەردەمیان دەبێت بیکەن و هیچ بژاردەیەکی دیکەیان نییە.

ئەمەش زیانی بۆ هاوکارەکانی ئەو کەسە هەیە، چونکە هەلی گەشە و بەرزکردنەوەیان کەمتر دەکات بەوەی پێوەری کار باش دەبێتە خۆ تەرخانکردنی نەک خودی کولیتی کارەکە.

سێیەم

ئەو کەسانە یەکەم کەس دەچنە دەوام و دواین کەس دەگەڕێنەوە. ئەم کەسانە بەهای خۆیان یەکسان دەکەن بەوەی دەتوانن چەند کار بکەن و بەرهەمیان چەن دەبێت.

ئەمەش دەبێتە هۆی زیان گەیاندن بە خۆت و دەوروبەرت چونکە ئەو جۆرە کەسانە دووچاری کەمخەویی، سەرئێشە و بێ وزەیی دەبنەوە، جیالەوەی لە هاوڕێ و خێزانەکانیان دادەبڕێن.

چوارەم

هەندێک لە بەڕێوەبەر و سەرکارەکان هەمیشە هانی ئەو جۆرە کەسانە دەدەن کاری زیاتر بکەن و ستایشیان دەکەن، ئەمەش وا لەوان دەکات کە وا بزانن کارەکانیان پێزانینی بۆ دەکرێت.

ئەو راهێنەرە دەڵێت: "لەم دۆخەدا کەسەکە هیچ هەلێک بۆخۆی نابینێت، باشترن هەلی ژیانی بە کارکردن دەبینێت، ئەم جۆرە کەسانەش زۆرجار کەمتر پلەیان بەرز دەکرێتەوە چونکە کاری گەورە و باش رەنگە پێویستی بەو هەموو کات و خۆ تەرخانکردنە نەبێت.

پێنجەم:

بەگوێرەی توێژینەوەیەکی کۆمیسیۆنی گەشتی ئەمەریکا لە ساڵی 2017، ئەو کەسانە پشوو وەرناگرن لە کارەکانیان پێیان وایە کە کەسی تر ناتوانێت کارەکەی ئەوان بکات.

بەگوێرەی ئەو توێژینەوەیە، ئەو جۆرە بیرکردنەوەیە لە ماوەیەکی درێژ زیان بە کار و توانای کەسەکە دەگەیەنێت چونکە بۆ داهێنان و کاری باشتر، مرۆڤ پێویستی بە دوورکەوتنەوە و پشووە، بەڵام ئەم "شەهیدی کارانە" وای نابینن.

huffpost