هه‌نگاوه‌كانی یه‌كخستنه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه خێراتر ده‌كرێن
وه‌زیری پێشمه‌رگه: رووبه‌ڕووی هه‌موو كۆسپه‌كانی به‌رده‌م ئه‌م پرۆسه‌یه ده‌بینه‌وه
K24- هه‌ولێر:
شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگه، رایدەگەینێت: هەنگاوەکانی پڕۆسەی چاکسازی لەناو هێزەکانی پێشمەرگە خێراتر دەکەین و جه‌ختیش ده‌كاته‌وه، رووبەڕوی هه‌موو ئه‌و ئاستەنگ و لەمپەرانه ده‌بێنەوە، كه دێنه به‌رده‌م پرۆسه‌ی یه‌كخستنه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه.
ئەم وتانەی وەزیری پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ لەمیانه‌ی کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ فەرماندە و نوێنەرانی هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ ی هێزەکانی پێشمەرگە هاتوون، كه هه‌ریه‌ك له سەربەست لەزگین، بریکاری وەزارەت و فەرماندەی یەکەی ٨٠ و نوێنەری فەرماندەی یەکەی ٧٠ و فەرماندە و بەرپرسانی پلە باڵای وەزارەت ئامادەیبوون.
وەزیری پێشمەرگە ئاماژەی بە هەنگاوەکانی پڕۆسەی چاکسازی کرد و گوتی: بڕیاری پڕۆژە یاسای چاکسازی حکوومەت و پەسندکراوی پەرلەمانی کوردستان پابەندمان دەکات بەوەی هەمووان بەگیانی به‌رپرسیارێتی رێگاکان کورت‌تر بکەینەوە و هەنگاوەکان خێراتر بکەین.
روونیشی کردەوە: دەرفەتێکی گونجاو بۆ جێبەجێکردنی ئەو پڕۆسەیە هاتووه‌تە پێشەوە و وێڕای هاوکاری و هەماهەنگی هاوپەیمانان، ئیرادەیەکی بەهێزیش له‌ناو لایەنە سیاسیەکان و سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئه‌و مه‌به‌سته هەیە.
هەر لەو کۆبوونەیەدا، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە و فەرماندەی یەکەی ٨٠ و نوێنەرانی فەرماندەیی یەکەی ٧٠ گفتۆگویان لەسەر دواین پڕۆژە پێشنیارکراوەکان بۆ جێبەجێکردنی یەکخستنەوەی تەواوەتی هێزەکان لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگه کرد. هاوکات هەمووان کۆك بوون لەسەر جێبەجێکردنی پڕۆسەکە و لابردنی ئاستەنگ و لەمپەرەکان. پابەندی خۆشیان بۆ بڕیار و راسپاردەکانی وەزارەتی پێشمەرگە دوپاتکردەوە.
لەکۆتایی کۆبوونەوەکەدا، وەزیری پێشمەرگە بە ئامادەبووانی راگەیاند: بە ئاستی لێپرسراوێیەتیەوە لە پڕۆسەکە دەڕوانین و ئەرکی هەمووانە بە جددی کار لەسەر ئالیەت و میکانیزمی قۆناغەکانی جێبەجێکردنی پڕۆسەکە بکه‌ن، کە دەرئەنجام دروستکردنی هێزێکی سەربەخۆ و یەکگرتووی لێدەکەوێتەوە.
H.B