سه‌رۆك بارزانی و بۆگدانۆڤ كۆبوونه‌وه‌

بۆ تاوتوێكردنی چه‌ند پرسێكی جێی بایه‌خی نێوان كورد و رووسیا

K24 – هه‌ولێر:

رۆژی چوارشەممە 29ـی 1ـی 2020 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە میخاییل بۆگدانۆڤ نوێنەری تایبەتی سەرۆكی رووسیا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و جێگری وەزیری دەروەی رووسیا و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە ماكسیم ماكسیمۆڤ باڵیۆزی رووسیا لە عێراق و ئۆلێگ لێڤین كونسوڵی گشتیی رووسیا لە هەولێر و ژمارەیەك لە دیپلۆماتكار و بەرپرسانی كۆمپانیای گازپڕۆمی رووسیایی. 

لە دیدارەكەدا نوێنەری تایبەتی سەرۆكی رووسیا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا سڵاوی سەرۆك پووتین و وەزیری دەرەوەی رووسیای بە سەرۆك بارزانی گەیاند و وێڕای جەختكردنەوە لە پەیوەندییە مێژووییەكانی گەلی رووسیا و گەلی كوردستان و رۆڵی خانەوادەی بارزانی لەو پەیوەندییەدا، سەرۆك بارزانیشی وەك دۆستێكی مەزنی گەلی رووسیا وەسف كرد. نوێنەری تایبەتی سەرۆكی رووسیا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا پێزانینیشی بۆ سەقامگیری و پێگەی هەرێمی كوردستان لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبوو و ویستی وڵاتەكەیشی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیی نێوان هەردوولا نیشان دا. 

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی سوپاسی سەرۆك پووتین و وەزیری دەرەوەی رووسیای كرد و هەورەها سوپاسی هەڵوێستی حكوومەت و كۆمپانیاكانی رووسیای كرد كە لە رۆژانی سەخت و تەنگانەدا لەبەرانبەر هەرێمی كوردستان هەڵوێستی ئیجابی و بەرزیان نواندووە. سەرۆك بارزانی ئاماژەی بە پەیوەندی و دۆستایەتیی دێرینی نێوان هەردوو گەلی كوردستان و رووسیا كرد و بە پێویستیشی زانی ئەو پەیوەندییانە قووڵتر و فراوانتر بكرێن. لە بەشێكی تری ئەو دانیشتنە سەرۆك بارزانی نیگەرانییەكانی خۆی لەمەڕ ئاییندەی گەلی كورد لە سووریا بە نوێنەری تایبەتی سەرۆكی رووسیا گەیاند و بۆچوون و پێشنیازەكانی خۆی بۆ چارەسەركردنی كێشەی گەلی كورد لە سووریا خستەڕوو.

بارودۆخی سیاسی و دواپێشهاتەكانی ناوچەكە و هەڕەشەی هزری توندڕۆیی و تیرۆر و، مەترسییەكانی بەهێزبوونەوەی تیرۆریستانی داعش تەوەری تری ئەو كۆبوونەوەیە بوون.