پارە دزراوەکانی عێراق یەکسانە به‌ کۆی بودجەی وەبەرهێنان لە ساڵی 2003ـەوە

قه‌باره‌ی گه‌نده‌ڵی عێراق دیار كرا

K24 – هه‌ولێر:

ئەنجوومەنی باڵای رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی دەڵێت قەبارەی ئەو پارەی لە عێراق دزراوە یاخود بەهەدەردراوە، یەکسانە بەکۆی بودجەی وەبەرهێنان کە لە ساڵی 2003ـەوە رەزامەندی لەسەر دراوە.

ئەنجوومەنەکە ئاشکرای كرد، بۆ گەڕاندنەوەی پارەکانیش هەریەکە لە فەرەنسا و ئیمارات ئامادەیی خۆیان نیشانداوە.

سەعید یاسین موسا ئەندامی ئەنجوومەنەکە بە میدیا عێراقییه‌كانی راگەیاندووە، ئەنجوومەنی باڵای رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی چەند رێوشوێنێکی گرتووەتە بەر، کە بەشێکیان تایبەتە بە دەسەڵاتی جێبەجێکار و ئەوەی دیکەشیان پەیوەستە بە دەسەڵاتی یاسا دانان، هەروەها ئاماژەی بەوەشدا ئەو رووداوانەی ئەم دواییە کاریگەری نەبووە لەسەر کاروباری ئەنجوومەنەکەیان و بەردەوامن لە چاودێری و بەدواداچوون.

سەعید یاسین موسا جەختی لەوەش کردەوە، ئەنجوومەنەکەیان لەگەڵ ئەنجوومەنی دادوەری دەستەی دەستپاکی هاوکاری یەکدی دەکات، کە هەردوو دامەزراوە سەرەڕمی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵین.

هاوکات ئاماژەی بەوەشدا، رێوشوێنەکان لە دەرەوەی عێراق بەڕێوەدەچن بە تایبەت لە بابەتی گەڕاندنەوە، کە ژمارەیەکی زۆری دۆسیەش پێویستی بە کاری کارگێڕی هەیە.

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی باڵای رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی گوتی: دۆسیەی گەڕانەوەی پارە دزراوەکان پێویستی بە ئارامگرتن و پشوودرێژی هەیە، بە تایبەت دۆسیەی ئاسانکاری لە ئەسپاردنی بەشێک لە پارەکان بە بانکەکانی دەرەوەی عێراق سەختییەکی زۆری لە گەڕاندنەوە دروستکردووە، بە جۆرێک گەڕانەوەی بەشێک لە پارەکان پێویستی بە زیاتر له‌50 ساڵە.

لە درێژەی قسەکانی دا سەعید یاسین موسا گوتیشی: جەزائیر هەمان ئەزموونی هەیە، کە خەرجی راوێژکارە یاسایی و گەشتەکانیان هاوتای بڕە پارە دزراوە بوو، بەڵام جەزائیر خەرجی کرد بۆ ئەوەی سەروەری بۆ وڵاتەکەی بگەڕێنیتەوە رێزی مافی گشتی بگرێت.

ئه‌وه‌شی ئاشكرا كرد، فەرەنسا و ئیمارات ئامادەییان نیشانداوە بۆ ئەوەی هاوکاری عێراق بکەن لە گەڕاندنەوەی پارەکانی. بۆ ئەوەش بەرپرسان لە وەزارەتی داد لەگەڵ هاوتاکانیان لەگەڵ به‌رپرسانی ئیماراتی کۆبوونەتەوە، ئاشکراشی دەکات ئەو هەوڵە بە هاوکاری داواکاری گشتی فەرەنسا بووە کە ئامادەیی تەواوی بۆ هاوکاری عێراق نیشانداوە.