تەقە لە ماڵی مامۆستایەکی ئایینی دەڤەری راپەڕین کرا
پۆلیس لێكۆڵینەوەی دەستپێكردووە
K24 رانیە
شەوی رابردوو لە گوندێكی سنووری قەڵادزێ تەقە لە ماڵی مامۆستایەكی ئایینی كرا، بە گوتەی خۆی كێشەی لەگەڵ كەس نییە و لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە دەستپێكردووە.
بەگوێرەی راگەیەندراوی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین "شەوی رابردوو کەسێکی نەناسراو لە گوندی (دێلۆ)ی سەر بە قەڵادزێ تەقەی لە ماڵی وتارخوێن و پێش نوێژی گوندەکە کرد و شوێنەواری 7 گولـلـەش بە ماڵەکەیانەوە هەبووە، بە گوتەی مامۆستا ئایینیەکە کێشەیان لەگەڵ هیچ کەسێک نییە و دوای رووداوەکەش دەستبەجێ مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی قەڵادزێ گەیشتونەتە شوێنی مەبەست".
ئاماژە بەوەشكراوە "وتارخوێن و پێش نوێژی مزگەوتی گوندەکە لەسەر رووداوەکە سکاڵای یاسایی لە بنکەی پۆلیسی قەڵادزێ تۆمارکردووە، بە بڕیاری دادوەر و بە ماددەی 430 لە یاسایی سزدانی عێراقی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ تەقەکەرەکە دەرچووە، دۆسیەی لێکۆینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە و لێکۆڵینەوەش بەردەوامە".
ھ.م