چۆن لە رێگای سکانەرێک خەڵکانی نەخۆش لە فڕۆکەخانەکان جیا دەکرێنەوە؟
سێرمال کامێرا چییە و بۆچی بەکاردێت؟
K24 – ههولێر:
سێرمال کامێرا یان سێرمال سکانەر، سکانەری گەرمیی ئەو توانایەی هەیە ئەو نەخۆشیانەی مرۆڤ دیاری بکات کە دەبنە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و هەوکردن، تەنانەت هەندێکیان توانای دیاریکردنی شێرپەنجەی هەیە.
یەکێک لە کۆمپانیا پێشکەوتووەکان لەم بوارەدا، کۆمپانیای CSIROـی ئوستراڵییە کە بەشێوەیەکی سێ رەهەندی 3D ئەو ئامێرە دروست دەکات و توانەی هەیە چەندین نەخۆشی جیاواز بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای ئینفرارێت دەستنیشان بکات.
لە رێگای پێست و سووڕی خوێن، ئەم ئامێرە دەتوانێت نەخۆشییەکانی هەوکردنی جوومگەکان، ئازاری دەست و پێ، ئازاری ماسوولکە و کێشەکانی سووڕی خوێن دیاری بکات.
ئەو شوێنانەی کە هەوکردن و ئازاریان تێدایە، پلەی گەرمیان زیاد دەکات، بەمەش ئامێرە دەتوانێت دەستنیشانیان بکات.
ئێستا دەتوانرێت ئەو ئامێرە لە کامێرای مۆبایلە زیرەکەکان ببەسترێت و بۆ چاودێری کردنی هەناسەدان و چاودێریکردنی چەند نەخۆشییەک بەکاربێت.
زانایان کار لەسەر ئەوە دەکەن، هەر لە رێگای تیشکی ئەو ئامێرە، لە داهاتوو بتوانن، باری دەروونی کەسێک لە رووی هەستە و سۆزەوە دیاری بکەن.
ئێستا کە نەخۆشی کۆرۆنا بڵاوبووەتەوە، ئەو ئامێرە لە فڕۆکەخانەکان بۆ جیاکردنەوەی ئەو کەسانەی نەخۆشیان هەیە بەکاردێت. لە فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستانیش هەمان ئامێر بۆ جیاکردنەوەی ئەو کەسانەی تووشبووی ڤایرۆسی کۆرنان بەکاردێت. نرخەکەشی نزیکەی سێ هەزار دۆلارە.