سییەکانی کەسانی جگەرەکێش پزیشکان سه‌رسام دەکات

توێژینەوەیەکی نوێ لەسەر جگەرەکێشان

K24 – هه‌ولێر:

توێژینەوەیەکی نوێ لەسەر سییەکانی کەسێکی جگەرەکێش پزیشکان دووچاری سەرسوڕمان دەکات.

توێژینەوەیەکی نوێ کە لەسەر دۆخی سییەکانی کەسێکی جگەرەکێش دوای وازهێنان لە جگەرەکێشان کراوە و ئاژانسی AFP  و BBC بڵاویانکردووەتەوە دەریخستووە، 9 لە 10 خانەی سییەکانی جگەرەکێشێک، لە دوای وازهێنان لە جگەرە کێشان، بەجۆرێک تەندروست دەبنەوە و خۆیان رێکدەخەنەوە.

پیتەر کامبڵ، توێژەر لە پەیمانگای پزیشکیی Sanger دەڵێت، سەرمان سووڕما لەوەی چۆن خانەکان و رێڕەوەکانی هەوای سییەکان بەشێوەیەکی جادووگەرانە سارێژ دەبن و بەشێکیان چاک دەبنەوە.

دەشڵێت، ئەگەر کەسێک بۆ ماوەی دەیان ساڵ، 15 هەزار پاکەت جگەرەی کێشابێت، هێشتا سییەکانی ئەم توانایە لەدەست نادات، بەجۆرێک، دوای چەند ساڵێک لە وازهێنان، کەسەکە شوێنەواری جگەرەکێشان بەشێوەیەکی بەرچاو بەسەر سییەکانی نابینرێت.

بەگوێرەی توێژینەوەکە، پێنج کەس بۆ هەر شەش کەسێک کە جگەرەکێش بوون، 20% بۆ 50% خانەی سیەکانیان بەجۆرێک چاک دەبنەوە کە هاوشێوەی کەسێکە کە هەرگیز جگەرەی نەکێشابێت. ئەمەش وا دەکات بڵێین، هەرگیز بۆ وازهێنان لە جگەرە کێشان درەنگ نییە.

داتاکانی رێکخرای تەندروستی جیهانیی دەریانخستووە، ساڵانە هەشت ملیۆن کەس لە جیهان بەهۆی جگەرەکێشان گیان لەدەست دەدەن، 80%ی جگەرەکێشانیش کە ژمارەیان یەک ملیار و 100 ملیۆن کەسە، لە ناوچە هەژارنشین یان مام ناوەندەکان دەژین.