ئه‌و مامۆستایه‌ی به هه‌ڵه ده‌ستگیركرابوو ئازاد ده‌كرێت
به هۆی لێكچوونی ناوی له‌گه‌ڵ داواكراوێكدا ده‌ستگیركرابوو
K24 – هه‌ولێر:
وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئالان حه‌مه سه‌عید رایگه‌یاند، ئه‌و مامۆستایه‌ی به هۆی له‌یه‌كچوونی ناوی له‌گه‌ڵ داواكراوێك ده‌ستگیركرابوو بڕیاری ئازادكردنی ده‌رچووه.
وه‌زیری په‌روه‌رده له رێگه‌ی فه‌یسبووكه‌وه بڵاویكرده‌وه، دوای په‌یوه‌ندیكردنی به وه‌زیری ناوخۆ، پارێزگاری هه‌ولێر و به‌ڕێوبه‌ری پۆلیسی كۆیه‌وه، رێکاری پێویست بۆ ئازادکردنی ئه‌و مامۆستایه گیراوه‌ته‌به‌ر، كه به هۆی له‌یه‌كچوونی ناوی له‌گه‌ڵ ناوی داواكراوێك ده‌ستگیركرابوو.
وه‌زیری په‌روه‌رده روونیكردووه‌ته‌وه، بڕیاری ئازادكردنی ئه‌و مامۆستایه به فه‌رمانی وه‌زیری ناوخۆ، رێبه‌ر ئه‌حمه‌د بووه.
له‌و باره‌یه‌وه، محه‌مه‌د عه‌بدوڵڵا ئه‌حمه‌د، برای مامۆستا عه‌لی، تایبه‌ت به "كوردستان24" رایگه‌یاند، "مامۆستا عه‌لی هێشتا ئازاد نه‌كراوه و دادوه‌ری دۆسییه‌كه‌ی داوای هه‌ندێك له به‌ڵگه‌نامه‌ی كردووه".
له باره‌ی ورده‌كاری كێشه‌كه‌ی مامۆستا عه‌لی"ییه‌وه، ئه‌و برایه‌ی گوتی: "دوو هه‌فته له‌مه‌وبه‌ر، مامۆستا عه‌لی برام سه‌ردانی پاسه‌پۆرتی سۆرانی كردووه، ئه‌وانیش پێیان وتووه، پێویسته سه‌ردانی هه‌ولێر بكه‌یت، رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی رابردوو، سه‌ردانی پاسه‌پۆرتی هه‌ولێری كردووه، له‌وێ به هۆی له‌یه‌كچوونی ناوه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ناوی داواكراوێك ده‌ستبه‌جێ ده‌ستبه‌سه‌ر كراوه و دۆسییه‌كه‌ی ره‌وانه‌ی دادگای كۆیه كراوه".
گوتیشی: "ساڵی 1996 تاوانێكی كوشتن له گوندێكی سنووری دێگه‌ڵه‌ی سه‌ر به قه‌زای كۆیه روویداوه، داواكراو ناوی هاوشێوه‌یه له‌گه‌ڵ ناوی برام، كه ئه‌و كاته مامۆستا عه‌لی برام ته‌مه‌نی ته‌نیا شه‌ش حه‌وت ساڵ بووه".
مامۆستاكه ناوی "عه‌لی عه‌بدوڵڵا ئه‌حمه‌د"ه له‌دایكبووی (1989) و ناوه‌كه‌ی هاوشێوه‌یه له‌گه‌ڵ ناوی كه‌سێك، كه به گوێره‌ی مادده‌ی (406) له یاسای سزادانی عێراقی، كه تایبه‌ته به "كوشتنی ئه‌نقه‌ست" فه‌رمانی گرتنی بۆ ده‌ركراوه.