کۆرۆنا زیان بە هەناردەی مۆبایلی هۆشمەندی چینی دەگەیەنێت
بەهۆی درێژکردنەوەی پشوو کارگەکان لە کارەکانیان وەستاون
K24 - ھەولێر
کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی مۆبایلی هۆشمەندی چینی وەک هواوی، ژیاومی، ڤیڤۆ و ریەڵ می و زێد تی ئی و لینۆڤۆ و کۆمپانیای ئەپڵی ئەمەریکی رایانگەیاند، کە هەناردەی بەرهەمەکانیان بۆ ماوەی دوو هەفتە دوا دەکەوێت کە بۆ رووسیا ئامادەیان کردبوو.
رۆژنامەی کۆمێرسانت بڵاویکردووەتەوە، ئەو کۆمپانیایانە بە نامە، لایەنی رووسیا ئاگادارکردووە، کە کارگەکانیان دوای درێژکردنەوەی پشووی کارمەندەکانیان تا 10ی ئەم مانگە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا پەکیان کەوتووە، بۆیە گەیشتنی مۆبایلە هۆشمەندەکان دوا دەکەوێت.
ئەو رۆژنامەیە بڵاویکردووەتەوە، کە کۆمپانیای ئەپڵ بەرواری هەناردەی بەرهەمەکانی لە کارگەی چین دواخستووە.
کۆمپانیای ڤیڤۆش بۆ رۆژنامەوانان ئاشکرای کردووە، بەهۆی درێژکردنەوەی پشووی کرێکاران لە کارگەکەی، بەرواری بە دەست گەیشتنی بەرهەمەکانی بە لایەنی کەمەوە دوو هەفتە دوا دەکەوێت.
ھ.م