سێ ئەندامی یەک خێزان لە بەغدا خنکان

بەهۆی ژێرئاوکەوتنی بەلەمێکی گەشتیاری لە پارکی زەورا لە شاری بەغدا، سێ ئەندامی یەک خێزان گیانیان لەدەست دا و لێکۆڵینەوەش لە رووداوەکە بەردەوامە.

سەیف عەلی، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، رایگەیاند، درەنگانی شەوی رابردوو (دووشەممە، 07ـی ئەیلوولی 2026)، رووداوێکی دڵتەزێن لە دەریاچەی دەستکردی پارکی زەورا رووی دا. بەهۆی نوقمبوونی بەلەمێکی گەشتیارییەوە سێ ئەندامی یەک خێزان خنکان و گیانیان لەدەست دا.

پەیامنێری کوردستان24 باسی لەوەش کرد، تیمەکانی فریاگوزاری گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و توانیویانە تەرمی قوربانییەکان لە دەریاچە دەستکردەکە دەربهێنن.

هەروەها ئاماژەی بەوە دا، تەرمەکان رەوانەی پزیشکی داد کراون بۆ گرتنەبەری رێکارە یاساییەکان و لە ئێستاشدا هێزە ئەمنییەکان لێکۆڵینەوەکانیان لە هۆکاری رووداوەکە دەست پێکردووە.

 پارکی زەورا یەکێکە لە گەورەترین و ناسراوترین پارکە گەشتیارییەکان لە ناوەندی شاری بەغدا. ئەم پارکە دەریاچەیەکی دەستکردی تێدایە و رۆژانە ژمارەیەکی زۆر لە خێزانەکان بۆ بەسەربردنی کاتی پشوو سەردانی دەکەن و بەلەمە گەشتیارییەکان بۆ کات بەسەربردن بەکاردەهێنن.

لە عێراق چەندین جار رووداوی هاوشێوەی نوقمبوونی بەلەم روویانداوە. زۆرجار هۆکاری ئەم رووداوانە دەگەڕێتەوە بۆ پابەندنەبوونی خاوەن بەلەمەکان بە رێنماییەکانی سەلامەتی، نەبوونی هێلەکی رزگارکردن لە کاتی گەشتەکاندا، یان هەڵگرتنی سەرنشینی زیاتر لە توانای بەلەمەکان.