ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان جه‌ژنی چله‌ی زستان له‌ ئێزدییه‌كان پیرۆز ده‌كات

"هیوادارین ئەم جەژنە ببێتە مایه‌ی ئاشتی و ئارامی و قوڵبوونەوەی زیاتری گیانی ته‌بایى و پێکەوەژیان"

K24 - ھەولێر

بەبۆنەی هاتنه‌وه‌ى جەژنی چلەی زستانی ئێزدییەکان، ده‌سته‌ی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان، پەیامێکی پیرۆزباییی ئاراستەی خوشک و برایانی ئێزدی له‌ کوردستان و جیهان کرد.

لە پەیامەكەی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان ھاتووە: "بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی چلەی زستانى ئێزدییه‌كان جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی میری ئێزدیان و جڤاتی ڕۆحانی و خوشک و برایانی ئێزدی لە کوردستان و عێراق و جیهان دەکەین، هیوادارین ئەم جەژنە ببێتە مایه‌ی ئاشتی و ئارامی و قوڵبوونەوەی زیاتری گیانی ته‌بایى و پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان و ببێتەمایەی ئازادکردنی سەرجەم دیله‌كان و گەڕانەوەی ژیان بۆ ناوچەکانیان".