کونسوڵخانەی چین لە هەولێر باس لە رەوشی ووهان و ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکات
کۆنسوڵخانەی چین وەڵامی چەند پرسیارێکی کوردستان24 لەبارەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەداتەوە
K24 – ههولێر:
لە وەڵامی چەند پرسیارێکی کوردستان24، کۆنسوڵخانەی چین لە هەولێر، باس لە رەوشی شاری ووهان، نوێترین ئامادەکارییەکانی چین بۆ رووبەڕووبوونەوە و چارەسەرکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەخاتەڕوو.
کۆنسوڵخانەکە بە کوردستان24ی راگەیاند، لە شاری ووهان هاتووچۆی پاس، شەمەندەفەر، کەشتییەکان و فڕۆکەخانەکان راگیراوە، ئەمەش تاوەکو ڤایرۆسە زیاتر بڵاونەبێتەوە. لەگەڵ ئەمەش، حکوومەت پابەندە بە دابینکردنی پێداویستی رۆژانە و رێگاش بە گواستنەوەی پێویست دەدات.
لەبارەی ئەوەی حکوومەتی چیکردووە تاوەکو کۆنتڕۆڵی ڤایرۆسەکە بکات، کۆنسوڵخانەکە دەڵێت، 50 تیمی پرۆفێشناڵ لە شوێنی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە جێگیرکراون و لە 31 پارێزگا و شارەوانی و هەرێمی سەربەخۆ، هۆشداریی پلە یەکی تەندروستیمان راگەیاندووە.
روونیشکردەوە، تاوەکو ئێستا 347 تووشبوو چارەسەرکراون و رۆژانەش ژمارەی ئەو کەسانەی چارەسەر دەبن، زیاتر دەکات. حکوومەت چین لە هەوڵدایە بە زووترین کات دژە ڤایرۆسەکە بەرهەم بهێنێت و بۆ ئەوەش پێشکەوتوترین تاقیگەی چین سێ سترەینی ڤایرۆسەکەی جیا کردووەتەوە و بە هەوڵی پسپۆڕانی چین و دەرەوەی چین هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەر دەدەین.
ئاماژەی بە نەخۆشخانە نوێکەی شاری ووهان کردوو و ئاشکرایکرد، نەخۆشخانەکە لە چەند رۆژی داهاتوو بە تەواوی دەکرێتەوە و دوو هەزار و 500 قەرەوێڵەی هەیە، جیا لەم نەخۆشخانەیەش، دوو نەخۆشخانەی دیکە بەکار دەهێنین کە پێشتر بۆ چارەسەکردنی ڤایرۆسی سارس لە ساڵی 2003 بەکارمانهێناون.
کۆنسوڵخانەی چین لەبارەی راگەیاندنی باری لەناکاو لە لایەن رێخکراوی تەندروستی جیهانیی دەڵێت، رێکخراوەکە متمانەی تەواوی بە چین هەیە، بەڵام مەترسییەکە لەسەر ئەو وڵاتانەیە کە سیستمی تەندروستیان لاوازە.
هەروەها، ئەوەشی نەشاردەوە، بەهۆی نەخۆشییەکە، هەندێک کەلوپەلی وەک پۆشاکی پارێزەر، ماسک و دەمامک کەمیکردووە، بەڵام هەوڵدەدەن بەرهەمهێنانیان زیاد بکەن و لە چەند رۆژی داهاتوودا تەواوی پێداویستییەکان دابینبکەن.
H.J