پۆلیسی چین خێزانێک لە ماڵەکەی خۆیاندا بەند دەکەن
لە شاری ووهان هاتوونەتەوە و ماڵەکەیان بە ئاسن پەرژین دەکەن
K24 – ههولێر:
پۆلیسی چین لە هەرێمی جیانگسو، ژنێک و خێزانەکەی کە تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنان، لە ماڵەکەی خۆیان بەند دەکەن.
پۆلیس ماڵی ژنەکە بە ئاسن پەرژین دەکەن و چەند هێمایەکی ئاگادارکردنەوەش لە ماڵەکەدا هەڵدواسن تاوەکو دراوسێکانیان، نزیک نەبنەوە لێیان.
بەگوێرەی هەواڵێکی دەیلی مەیل، ئەو خێزانە لە شاری ووهان کە سەرچاوەی دروستبوونی ڤایرۆسەکەیە گەڕاونەتەوە و پۆلیسیش بۆ ئەوەی نەیەنە دەرەوە، لە ماڵەکەی خۆیان بەندی کردوون.
گرتە ڤیدیۆی بەندکردنی ئەو خێزانە بڵاوبووەتەوە و تیایدا دەردەکەوێت، ژنێک هاوار دەکات.
تاوەکو ئێستا، نزیکەی 400 کەس لە چین، بەهۆی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە.