ئایا دەستدان لە کەلوپەلی هاوردەکراوی چینی دەبێتە هۆی تووشبون بە کۆرۆنا؟

پسپۆڕ و پزیشکان وەڵام دەدەنەوە

K24 – هه‌ولێر:

لەگەڵ زیاتر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە جیهاندا، وڵاتان زیاتر هەوڵی خۆپارێزیی دەدەن، ئەوەی جێگای پرسیارە لای زۆر کەس ئەوەیە، ئایا هاوردەکردنی کەلوپەلی چینی، دەبێتە هۆی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە؟

سەنتەری وەستاندن و کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشییەکانی ئەمەریکا لە ماڵپەڕەکەی خۆی وەڵامی ئەو پرسیارەی داوەتەوە و دەڵێت، نەخێر، چونکە ڤایرۆسەکان لەسەر رووی ئەو کەلوپەلانە زۆر ناژین.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو سەنتەرە، ڤایرۆسەکە دەکرێت بۆ چەند هەفتەیەک لەناو مرۆڤدا بە زیندوویی بمێنێتەوە، بەڵام لەسەر کەلوپەل و پاکەتەکان، تەنها چەند کاتژمێرێک دەتوانێت بە زیندویی بمێنێتەوە.

هەروەها، د ئیلیزابێس مکگراو، بەڕێوەبەری سەنتەری نەخۆشییە گوازراوەکان لە زانکۆی پێنسیلڤانیا دەڵێت،  بۆکس و کەلوپەلەکان، ژینگەیەکی لەبارنین بۆ ڤایرۆسەکان، بەتایبەت لەبەر ئەوەی، ئەو کەلوپەلانە بە چەند کەشوهەوایەکی جیاوازدا دەڕۆن.

ئاماژە بەوەش دەدات، تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک بەهۆی کەلوپەلی چینی، ڤایرۆسەکەی تووش نەبووە.

NPR