مەسنجەر تایبەتمەندییەکی نوێی زیاد کرد
کۆنتڕۆڵی بەکاربەران زیاتر دەکات
K24 – ههولێر:
لە رێگای تایبەتمەندییەکی نوێ، کۆمپانیای فەیسبووک رێگا بە دایک و باوکان دەدات، کۆنترۆڵی "چاتەکانی" منداڵەکانیان بکەن.
لە ئەپدەیتی نوێی مەسنجەردا، دایک و باوکان دەتوانن کۆنتڕۆڵی فەیسبووکی منداڵەکانیان بکەن و بزانن لەگەڵ کێ قسەدەکەن، هەروەها دەتوانن بزانن ئەو وێنە و ڤیدیۆیانەی بۆیان نێردراوە چین. دەشتوانن ئەو وێنە و ڤیدیۆیانە "ریپۆرت" بکەن.
ئەم گۆڕانکارییەی فەیسبووک دوای ئەوە دێت، دایک و باوکان نیگەرانی زۆر ئەوەن، منداڵەکانیان لەگەڵ کەسانی نەناسرا قسە بکەن و دووچاری کێشە ببنەوە.
مۆرگان براون، بەڕێوەبەری بەرهەمەکانی مەسنجەر بە ماڵپەڕی ئیندیپێندتی گوتووە: "ئەم ئەپدەیتە بۆ ئەوەیە، روونیی زیاتر لە کار و خزمەتگوزارییەکانمان هەبێت. دایک و باوکان ماوەی 90 رۆژیان هەیە ئەو تایبەتمەندییە بەکاربهێنن و بۆچوونی خۆیانی لەبارەوە بدەن".