مۆسكۆ رووه گرژه‌كه‌ی نیشانی ئه‌نقه‌ره ده‌دات
"ده‌بێت توركیا به‌جدی پابه‌ندی رێكه‌وتنی سوچی بێت"
K24- هه‌ولێر:
سێرگی لاڤرۆڤ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی رووسیا رایگه‌یاند، توركیا به‌شێك له پابه‌ندبوونه سه‌ره‌كییه‌كانی له‌باره‌ی ئیدلب جێبه‌جێ نه‌كردووه و داواشی له ئه‌نقه‌ره كرد، "به‌شێوه‌یه‌كی حاشاهه‌ڵنه‌گر پابه‌ندی ئه‌و رێكه‌وتنانه بێت، كه له سوچی له نێوان سه‌رۆكی هه‌ردوو وڵات‌دا واژۆ كراون".
لاڤرۆڤ له وه‌ڵامی پرسیاری رۆژنامه‌ی "رۆسیسكا گازێتا" كه له پێگه‌ی فه‌رمی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی رووسیا بڵاوكراوه‌ته‌وه، گوتی: "به‌داخه‌وه، له‌م قۆناغه‌دا توركیا نه‌یتوانیوه پابه‌ندی به‌شێك له‌و به‌ڵێنانه‌ی بێت، كه ئامانجیان چاره‌سه‌ركردنی ریشه‌یی قه‌یرانی ئیدلبه".
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی رووسیا ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "توركیا نه‌یتوانیوه ئه‌و گروپه چه‌كدارانه‌ی ئۆپۆزسیۆنی سووریا كه هاوكاری توركه‌كان ده‌كه‌ن و ئاماده‌ن دانوستان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی سووریا بكه‌ن له گروپه تیرۆریستییه‌كه‌ی "به‌ره‌ی نوسره" جیا بكاته‌وه، كه خۆیان به "ده‌سته‌ی ته‌حریر شام" ناساندووه".
لاڤرۆڤ دووپاتیكرده‌وه، "زانیاریمان پێ گه‌یشتووه كه توركیا هێزه‌كانی له ناوچه‌ی ئیدلب بڵاوكردووه‌ته‌وه و له‌گه‌ڵ سوپای سووریا چه‌ندین جار رووبه‌ڕووی یه‌كتر بوونه‌ته‌وه. سوپای ئێمه چاودێری ئه‌م دۆخه ده‌كات. به‌گوێره‌ی ئه‌و ورده‌كاریانه‌ی پێشتر له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی سوپاسالاری گشتیی راگه‌یه‌ندراون، سوپای توركیا له چه‌ند پێگه‌یه‌كی دیاریكراو له ناوچه‌ی وه‌ستاندنی شه‌ڕ له ئیدلب پێشڕه‌وی كردووه، به‌بێ ئه‌وه‌ی پێشوه‌خته ئاگادارمان بكاته‌وه، بۆیه نه‌مانتوانی سوپای سووریا ئاگادار بكه‌ینه‌وه، چه‌ند بۆردومانێك كران و وه‌ڵام درانه‌وه، دواتر توركیا هه‌ڕه‌شه‌ی گرتنه‌به‌ری رێكاری تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی كرد. هه‌موو ئه‌م هۆكارانه زۆر نیگه‌رانمان ده‌كه‌ن".
له لایه‌كی دیكه‌وه وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی رووسیا دووپاتیكرده‌وه، پرۆسه‌ی گواستنه‌وه‌ی سه‌دان چه‌كدار له ناوچه‌ی كه‌مكردنه‌وه‌ی شه‌ڕ له ئیدلب بۆ وڵاتی لیبیا بۆ به‌شداریكردن له شه‌ڕ به‌رده‌وامه.
له‌م باره‌یه‌وه لاڤرۆڤ جه‌ختی كرده‌وه، "ره‌هه‌ندێكی دیكه‌ی مه‌ترسیدار و هه‌ڕشه‌ئامێز كه له ناوچه‌ی كه‌مكردنه‌وه‌ی شه‌ڕ له ئیدلب هاتووه‌ته ئاراوه ئه‌وه‌یه، كه جووڵه به سه‌دان چه‌كداری نوسره و ده‌سته‌ی ته‌حریر شام له سووریاوه به‌ره‌و لیبا ده‌كرێت، به‌مه‌به‌ستی به‌شداریكردن له شه‌ڕی ئه‌و وڵاته".
هه‌روه‌ها گوتی: "ناكرێت رووسیا به‌ته‌نیا ئه‌و كیشه‌یه چاره‌سه‌ر بكات، به‌ڵام ده‌توانێت داوای جێبه‌جێكردنی رێكه‌وتنه‌كانی تایبه‌ت به ئیدلب به‌بێ مه‌رجی پێشوه‌خته و به ده‌ستپاكی بكات"، دووپاتیشیكرده‌وه، "رووسیا ئه‌و بابه‌ته له‌گه‌ڵ توركه‌كان تاوتوێ ده‌كات".
ئه‌مه دوای ئه‌وه هاتووه، ئه‌مڕۆ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا رایگه‌یاند، پێگه سه‌ربازییه‌كانیان له ئیدلب فراوانتر ده‌كه‌ن.
پێشتریش چه‌ندین جار ئه‌ردۆغان هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی كردووه، ئه‌گه‌ر سوپای سووریا رێگری له پێشڕه‌وی هێزه‌كانیان له‌ناو خاكی سووریا بكه‌ن، به گورزی سه‌ربازی وه‌ڵامیان ده‌ده‌نه‌وه.
H.B