پەكەكە دوای نزیكەی 4 مانگ گەنجێكی سنووری رواندز بە مەرج ئازاد دەكات

"مۆبایلەكەیان لێ سەندووە و پێیان گوتوە نابێ لێدوان بۆ ھیچ كەناڵێك بدەیت"

K24 - رواندز

گەنجێكی دانیشتووی گوندی بەرگركەی سەر بە ناحیەی وەرتێ لە سنووری قەزای رواندز، دوای نزیكەی چوار مانگ مانەوەی لە زیندانەكانی پەكەكە، بە مەرج ئازاد دەكرێت.

سەرچاوەیەكی ئاگادار بە كوردستان24ی راگەیاند: "نزیكەی چوار مانگ پێش ئێستا گەنجێكی دانیشتووی گوندی بەرگركە بە ناوی ئەحمەد محەمەد عەبدوڵڵا، لەلایەن گەریلاكانی پەكەكە لە بناری قەندیل دەستگیر كرا، دوای ھەوڵێكی زۆر لە رێگەی ریش سپی و كەسایەتییەكانی ناوچەكە ئازاد كرا، بەڵام بە چەند مەرجێكەوە":

سەرچاوەكە زیاتر روونیكردەوە: "لەو مەرجانەی بۆی دانراوە، نابێ لای كەسوكاری باسی ئەوە بكات، بەرپرس و گەریلاكانی پەكەكە چیان پێ گوتووە و چۆن مامەڵەیان لەگەڵ كردووە. ھەروەھا نابێ كەسوكاری لای خەڵك باسی ئەوە بكەن پەكەكە كوڕەكەی ئەوانیان دەستگیر كردوە، مەرجێكی دیكەش ئەوەیە لێدوان بۆ ھیچ كەناڵێكی راگەیاندن نەدەن و ماوەی سێ مانگیش لە ماڵەوە نەچێتە دەرەوە".

سەرچاوەكە راشیگەیاند: "گەریلاكانی پەكەكە مۆبایلیان لەو گەنجەی گوندی بەرگرگە سەندووە و دوای ئازادكردنیشی نەیان داوەتەوە".

ئاماژەی بەوەشدا: "ھاووڵاتییەكی ھەمان گوند لەگەڵ ئەو گەنجە لەلایەن پەكەكە دەستگیر كراوە، بەڵام ئەو لە دەستی گەریلاكان رایكردووە و ناتوانێ بگەڕێتەوە ناوچەكە".

ئەمە لەكاتێكدایە پێشتریش، چەند ھاووڵاتییەكی گوندەكانی بناری قەندیل لەلایەن پەكەكە دەستگیر كراون.