یه‌كێتی: پێویسته‌ كۆتایی به‌ ده‌ستتێوه‌ردانی لاوه‌كی له‌ رێساكانی حكومه‌ت بهێنرێت

له‌گه‌ڵ سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ كۆده‌بنه‌وه‌

K24 – هه‌ولێر:

ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند، زنجیره‌یه‌ك كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی هه‌رێم ئه‌نجام ده‌دات و به‌ پێویستیشی زانی ده‌ستتێوه‌ردانی لاوه‌كی له‌ رێساكانی حكومه‌ت كۆتایی پێ بێت.

له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا كه‌ وێنه‌یه‌كی بۆ كوردستان24 نێردراوه‌، ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌ی یه‌كێتی داواشیكردووه‌، "لەسەر ئاستی كوردستان، هێزە كوردستانییەكان پێویستە لەبەر رۆشنایی رووداوەكان، زنجیرەیەك كۆبوونەوەی بەرپرسیارانە ئەنجام بدەن بۆ گەڵاڵە كردنی ئەركە هاوبەشەكان".

له‌ باره‌ی كێشه‌ی غازه‌وه‌، ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌ رایگه‌یاندووه‌، "ئەنجومەنی باڵای سیاسی، بەرنامە و بڕیاری هەیە لە رێگەی حكومەتەوە، بەزووترین كات لێكۆڵینەوە لەكۆی كێشەكان بە ئاڕاستەی چارەسەركردن و لێپێچینەوەی یاسایی لەوانەی بەرپرسیارن، بكرێ‌ و دەست تێوەردانی لاوەكی لەرێساكانی حكومەت كۆتایی پێ‌ بهێنرێت".