ئۆپێك بۆ كەمكردنەوەی بەرھەمھێنان ھەوڵی زیاتر دەدات

"كۆبوونەوەی رابردوو بێ هیچ ئەنجامێک کۆتایی هاتووە"

K24 - ھەولێر

لیژنەی هەمیشەیی ئۆپێک پڵەس بڕیاریدا بۆ سێیەم رۆژ پێنجشەممەش بەردەوامی بە کۆبوونەوەکانیان بدەن، تاوتوێی کەمکردنەوەی زیاتری ئاستی بەرهەمهێنان کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە نرخی نەوت بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە.

چوار سەرچاوەی ئاگادار لە کۆبوونەوەکان بە ئاژانسی رۆیتەرزیان راگەیاندووە، کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە بێ هیچ ئەنجامێک کۆتایی هاتووە، و سەرچاوەیەک ئاماژەی بەوەداوە کە رووسیا پاڵپشتی لە کەمکردنەوەی زیاتری ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت ناکات، و پێشنیازی کردووە ئەو رێککەوتنەی ئێستا درێژبکرێتەوە.

لەم چەند ساڵەی دواییدا رووسیا چەندین جار لەگەڵ بۆچوونەکانی ئۆپێک ناکۆک بووە، بەڵام لە کۆتاییدا رەزامەندی نیشانداوە لەسەر ئەو بڕیارانەی لە کۆبوونەوە فەرمییەکان دەرچووە.

ئەمە لە کاتێکدایە لە سەرەتای ئەمساڵەوە نرخی نەوت 11 دۆلاری لە دەستداوە بۆ کەمترین ئاستی 12 مانگی رابردووی بۆ 54 دۆلار دابەزینی تۆمارکرد، ئەوەش نا دڵنیایی لای ئەندامانی ئۆپێک دروستکردووە و لە توێژینەوەدان بۆ ئەوەی ئاستی بەرهەمهێنان زیاتر کەمبکەنەوە. پێشبینی دەکرێت کۆبوونەوەی داهاتووی ئۆپێک پێش بخرێت و لەم مانگە بەڕێوەبچێت، کە بڕیار بوو پێنج و شەشی مانگی ئاداری داهاتوو بەڕێوەبچێت.

هاوکات ئەو دوو سەرچاوەیە رەتیان کردەوە، کە رێکخراوەکە کۆبوونەوەی ئۆپێک پڵەس پێش بخات، چونکە تا ئێستا کۆدەنگیەک نییە لەسەر کەمکردنەوەی زیاتری بەرهەمهێنان. یەکێک لە سەرچاوەکان بۆ رۆیتەرز ئاشکرای کردووە، کە ئەگەر کۆبوونەوەکە تەنیا بۆ درێژکردنەوەی رێککەوتنی ئێستا بێت، ئەوا لە مانگی ئادار و لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا کۆدەبینەوە.

سەرچاوەیەکی دیکە بۆ ئۆپێک پڵەس کە ئاگاداری کۆبوونەوەکانە بە رۆیتەرزی راگەیاندبوو، ئەندامانی ئۆپێک پڵەس لە توێژینەوەدان بۆ ئەوەی 500 هەزار بەرمیلی دیکە کەمتر بخەنە بازاڕەوە، ئامانج لەو هەوڵەش هاوسەنگی بازاڕە، کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چین و کەمبوونەوەی خواست نرخی نەوت بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە.

ھ.م