حکوومەتی هۆڵەندا سنووری دەسەڵاتەکانی خۆی ئاشکرا دەکات
هۆڵەندا دانی بەوەدا نا کە ناتوانێت رێگری لە گواستنەوەی چەک بۆ ئیسرائیل لە رێگەی ئەو کەشتییانەوە بکات کە ئاڵای وڵاتەکەیان هەڵگرتووە.
حکوومەتی هۆڵەندا رایگەیاند، رێگریکردن لەو بارهەڵگرانە تەنیا لەو کاتانەدا دەکرێت کە چەکەکان لە خاکی هۆڵەندا هەناردە کرابن یان وەک ترانزیت بە بەندەرەکانیاندا تێپەڕ بووبن.
ئەم روونکردنەوەیە لەو نامە فەرمییەدا هاتووە کە سیۆرد سیۆردسما، وەزیری بازرگانیی دەرەوەی هۆڵەندا ئاراستەی پەرلەمانی وڵاتەکەی کردووە. لە نامەکەدا هاتووە؛ هۆڵەندا پابەندی پەیماننامەی رێگری لە تاوانی کۆمەڵکوژی و سزادانی تاوانبارانە، ئەمەش لە سێبەری ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە لوبنان و غەززە.
بەگوێرەی ئەو نامەیە دەسەڵاتی رێساکانی چاودێریی هەناردەکردنی هۆڵەندا تەنیا ئەو بەرهەمە سەربازییانە دەگرێتەوە کە لە وڵاتەکەوە هەناردە دەکرێن، یان ئەو کەلوپەلانەی بە خاکەکەیدا تێپەڕ دەبن و پێویستیان بە بارکردنەوە هەیە. سەبارەت بە گواستنەوەی دەریایی کە لە دەرەوەی سنوورەکانی هۆڵەندا و لەلایەن کەشتیی خاوەن ئاڵای وڵاتەکەوە ئەنجام دەدرێت، ئەو کەشتییانە پابەندی یاساکانی هەناردەکردنی ئەو وڵاتەن کە بەرهەمەکانی لێوە هاتووە، نەک یاساکانی هۆڵەندا.
حکوومەت جەختی کردەوە، مۆڵەتی هەناردەکردن یان گواستنەوەی کەلوپەلی سەربازی بۆ ئیسرائیل تەنیا لە حاڵەتی دیاریکراودا دەدات، گرنگترینیان ئەوەیە ئەو کەلوپەلانە تەنیا بۆ مەبەستی بەرگری بن، وەک پێکهاتەکانی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی "قوبەی ئاسنین". هەروەها رێگە بە مۆڵەتدان بەو کەلوپەلانە دەدرێت بۆ بەرهەمهێنان، چاککردنەوە یان نمایشکردن بەکاردێن، بە مەرجێک بۆ بەکارهێنانی راستەوخۆ لە ناو ئیسرائیل تەرخان نەکرابن.
سەبارەت بەو بارهەڵگرانەی چەک، بە خاکی هۆڵەندادا تێپەڕ دەبن و بارکردنەوەیان بۆ دەکرێت، حکوومەت دووپاتی کردەوە، ئەوانە پابەندی سیستەمی مۆڵەتدانن و بەپێی پێوەرە یەکگرتووەکانی یەکێتیی ئەوروپا بۆ چاودێریکردنی هەناردەکردنی چەک دەپشکنرێن.
میدیاکانی هۆڵەندا سەرەتای ئەمساڵ ئاشکرایان کردبوو، رەنگە کەشتییەکی خاوەن ئاڵای هۆڵەندا چەک یان پێکهاتەی چەکی بۆ ئیسرائیل گواستبێتەوە. راپۆرتەکان باسی ئەوەشیان کردووە، ئەگەری هەیە بارهەڵگری سەربازیی ئاراستەکراو بۆ ئیسرائیل بە بەندەری رۆتەردامدا تێپەڕ بووبن. دەسەڵاتدارانی هۆڵەنداش پشتڕاستیان کردەوە ئاگاداری ئەو راپۆرتانەن، بەڵام رەتیان کردەوە هیچ وردەکارییەک سەبارەت بەو حاڵەتانەی گواستنەوە ئاشکرا بکەن و نهێنییان لەسەر سروشتی ئەو ئۆپەراسیۆنە لۆجستییانە پاراست.
لەو کاتەوەی ئیسرائیل لە ساڵی 2023 جەنگەکەی لە غەززە پەرە پێ داوە، پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی ئەوروپا دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە، کە لە ناو ناوەندە سیاسییەکانی ئیسرائیلدا بە داتەپینی خێرای دیپلۆماسی ناوزەد دەکرێت. ئەوروپا شەپۆلێک لە بڕیاری رەمزی و کردەیی بەخۆوە بینیوە، لەوانە سەپاندنی گەمارۆ یان رێکار بەسەر هەناردەکردنی چەک، رەخنەی روولەزیادبوونی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل و بەرزبوونەوەی دەنگەکان بۆ پێداچوونەوە بە پەیوەندییە سیاسییەکان.